ئاسایشی سلێمانی: سێ قاچاخچیی مادەی هۆشبەر لەدوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانمان دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان باندێکی سێ کەسیی مادەی هۆشبەر "پاش رووبەڕووبونەوە" دەستگیردەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش "27-11-2023 لە شاری کەلار ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر." 
 
 
ئاسایشی سلێمانی باس لەوەش دەکات، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، "تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و رووبەڕووبونەوەی چەکدارییان دا." ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی ئاسایش "توانییان بەزووترین کات هەر سێ  تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی رووبەڕووبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا." 
 
وەکو ئاسایشی سلێمانی باسی دەکات، دەستبەسەر سەرجەم ئەو مادە هۆشبەرانەدا گیرا "کە بەنیازبوون بازرگانی پێوەبکەن، بڕەکەی پێکهاتبوو لە یەک کیلۆگرام لە مادەکانی کریستاڵ و حەشیش."