رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبارەی گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ کارەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاند "هەنگاوێکی گرنگە. هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازين و هه‌موو پشتگيرييه‌كى لێده‌كه‌ين."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-11-2023) راگەیێندراوێکی لەبارەی گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ سەر کارەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ "هه‌نگاوێكى دروست و گرنگه و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونى باشترى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه."
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییەکانی 2022 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش‌کرد و نەگەڕایەوە سەر کارەکەی، ئەمەش دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە مانگی تەممووزی 2021 گۆڕانکاری لە هەندێک پۆستی نێوخۆی ئەو حیزبە و حکومەت کرا.
گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل دوای ئەوە دێت؛ رۆژی 7ـی ئەم مانگە یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان کردووە و یەکێک لە بابەتە دیاریکراوەکان گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بوو بۆ سەر کارەکەی.
بەیانیی ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ وەزارەتەکەی و نیوەڕۆش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ماوەیەکی زۆر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراو لە ئەرکەکانم دوورکەوتمەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە لەو ماوەیە بە قۆناخێکی دژوار‌دا تێپەڕیوە و پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان خاوبووە.''
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی هۆکاری گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ''دوای هەوڵدانی دڵسۆزانەی دۆستەکانمان لە دەرەوە و داواکاریی هەندێک لە خەمخۆران لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەم، پێتان رادەگەیێنم بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیاریێتیی دۆخەکە و لەپێناو بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە و بۆ زیاتر بەدامەزراوەکردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئەمڕۆوە کارەکانم درێژە پێدەدەمەوە.''
لە بەشێکی دیکەی راگەێندراوەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە "دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ئاڵنگارييه‌كان له عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى وا ده‌خوازێت لايه‌نه سياسييه‌كان، به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوانيان پته‌وتر بكه‌ن و بگه‌نه لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. له‌م پێناوه‌دا ئێمه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له هه‌وڵ و كۆششى به‌رده‌وامدا ده‌بين."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ