شۆڕش ئیسماعیل دوای گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی: چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

27-11-2023
پەیمان محەممەد
شۆڕش ئیسماعیل لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا
شۆڕش ئیسماعیل لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا
نیشانەکردن شۆڕش ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، ''کارمان بەردەوامبوون دەبێت لە چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە''، داواش لە یەکێتی و پارتی دەکات بە لێکنزیکبوونەوەی زیاتر پاڵپشتیی لە سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.
 
بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-11-2023) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ وەزارەتەکە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشدا رایگەیاند، ''ماوەیەکی زۆر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراو لە ئەرکەکانم دوورکەوتمەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە لەو ماوەیە بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕیوە و پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان خاوبووە.''
 
"ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری سیاسی و سەربازی تێپەڕدەبێت"
 
شۆڕش ئیسماعیل گوتی، ''ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر هەستیاری سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت و مەترسیی جیدی لە ئارادایە، بۆیە ئەم دۆخە خراپەی وەزارەتی پێشمەرگە، مایەی نیگەرانیی هەموومانە، بەتایبەتی هێزەکانی هاوپەیمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.''
 
وەک وەزیری پێشمەرگە ئاماژەیدا، وەزارەتەکە لە رابردوودا زمینەی بۆ چەندین رێککەوتن و کاری هاوبەشی دوورمەودوا لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان رێکخستووە، ''ئەمە لەکاتێکدا کە چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و دژواری ئابووری و چەندین قەیرانی دیکەدا تێپەڕبوو.''
 
دوای ناکۆکییەکانی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە مانگی تەممووزی 2021 گۆڕانکاریی لە هەندێک پۆستی نێوخۆی ئەو حیزبە و حکومەت کرا، یەکێک لەو پۆستە وەزارییانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە بوو، کە لە سەرەتای 2020 یەکێتی داوای کرد لەبری شۆڕش ئیسماعیل، کەسێکی دیکە دەستبەکاربێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەیویست وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
 
"لەمڕۆوە درێژە بە کارەکانم دەدەمەوە"
 
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی هۆکاری گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ''دوای هەوڵدانی دڵسۆزانەی دۆستەکانمان لە دەرەوە و داواکاریی هەندێک لە خەمخۆران لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەم، پێتان رادەگەیێنم بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیاریێتیی دۆخەکە و لەپێناو بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە و بۆ زیاتر بەدامەزراوەکردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئەمڕۆوە کارەکانم درێژە پێدەدەمەوە.''
 
وەزیری پێشمەرگە بۆ سەرخستنی زیاتری پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات بەردەوامبن لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتر لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی چاکسازی.
 
"هێشتا سەرهەڵدانەوەی تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە"
 
هاوکات داوا لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات بەردەوامبن لە پاڵپشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و پێدانی هاوکارییە لۆجیستی و راوێژکارییەکان، ''چونکە لە هەرێمی کوردستان هێشتا سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکە لەسەر هەمووان مەترسییەکی گەورەیە.''
 
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگییەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا وەک ''تیم''ـێک بەردەوام دەبن لە کارکردن، ''بۆ ئەوەی بتوانین خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان لە بوونی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی بەهێز دەستەبەر بکەین، لەپێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەر مەترسییەکی ئێستا و داهاتوو کە رووبەڕووی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.''
 
بەگوتەی وەزیری پێشمەرگە، ئێستا زەمینەیەکی لەبار بۆ سەرخستنی پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکان رەخساوە و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیش بە ئاماژەیەکی باش دەزانێت.
 
لەبارەی بۆشایی نێوان هێزەکانی سوپای عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێنراوەکانیش گوتی، ''لیوایەکی هاوبەش لە یەکی مانگی 12ـی ئەمساڵ دەستبەکار دەبێت و ئومێدمان وایە ئەو رێککەوتنەی پێشتریش هەمانبووە بۆ دەستبەکاربوونی چەند لیوایەک لەو بۆشاییە ئەمنییانە، بتوانین بە سەرکەوتوویی بیگەیێنینە ئەنجام''.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.

سۆزان مەنسوور: وەکو کەرکووک ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە خانەقین نەکرابوو

نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.