لە سنووری کۆیە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و ژنێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی گۆمەشینی سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزاکە دەڵێت، "تەرمێکیان لە ماڵەکە دەرهێناوە کە ژنێکە و شوێنەواری سووتان بە جەستەیەوە نییە، نازانن بە دووکەڵی ئاگرەکە مردووە یان هۆکاری دیکە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-11-2023) عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تیمەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گوندی گۆمەشین ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام تەرمی ژنێکیان لە ماڵەکە دۆزییەوە."
 
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی خەدیجە محەممەد سابیرە و لەدایکبووی ساڵی 1955ـە؛ عەمید گۆران دەڵێت، تیمەکان لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا ئاگاداربوون کە ژنێک بە تەنیا لە ماڵەکەدا دەژی و زوو کۆنترۆڵیان کردووە. گوتیشی، "تەرمی ژنەکە هیچ شوێنەوارێکی سووتانی پێوە دیار نییە؛ نازانین بە دووکەڵ خنکاوە یان پێش ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە."
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە گوتی، بۆ زانینی هۆکاری مردنی ئەو هاونیشتمانییە، تەرمەکەیان رەوانەی دادپزیشکی کردووە و چاوەڕوانی راپۆرتی ئەوانن.
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، لە ئەنجامیاندا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراون؛ لەو رووداوانەشدا 317 هاووڵاتی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە سووتان رزگارکراون.