شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن

27-11-2023
دیار جەمیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی بەغدا تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەران، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات، هەریەکە لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدول حەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی، چاوشلی راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەندامانی شاندەکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە سبەی(27ـی تشرینی دووەم) شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەند بابەتێک سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری باسی لەوەش کرد، "چەند بابەتێکی گرنگ باس دەکرێن، لەنێویاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای بودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
سەردانی کردنی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زیاتر بۆ بابەتی پرسی داراییە، هەرێمی کوردستان دەڵێت، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە نانێردرێن و ئەوەی هەیە بڕیاردان بووە بۆ ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە قەرزە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ سێ مانگ.
 
لە دوو مانگی رابردوودا حکومەتی عێراق هەر مانگێک 700 ملیاری ناردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانی کردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوویشدا 700 ملیارەکەی دیکە بنێردرێت.  
 
بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دیناری دیکەی بنێرێت، بۆ ئەمەیان هێشتا هیچ وەڵامێک نییە و لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کورستان لە بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
7ـى ئابى 2023، رێنوێنیی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کرابوو، بەوەش یاساکە کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە