کوردستان
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 1700 کەسیش بە تۆمەتی راوکردن دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە و سرووشتی هەرێمی کورستان و لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە هەزار و 700 کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکردووە، لەوانەش 535 کەس لەسەر داربڕین.
رۆژی یەکشەممە 27-11-2022 نەقیب فوئاد زراری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ 1731 کەس بە تۆمەتی راوکردن، داربڕین، بیرلێدان و دروستکردنی خەڵووز دەستگیرکراون و پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە."
فوئاد زراری ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو ئەوانەدا کە دەستگیرکراون، 535 کەسیان لەسەر داربڕین و تێکدانی ژینگە بوون.
پۆلیسی دارستان دەڵێت، ئەوانەی داردەبڕنەوە دوو جۆرن، هەندێکیان بۆ سووتەمەنی بەکاریدەهێنن کە خەڵکی ئەو ناوچانەن دارەکەی تێدا دەبڕنەوە و داریش لە بنەوە نابڕنەوە؛ بەشێکی دیکەش بۆ بازرگانییە و سزاکەشیان قورسترە.
سەبارەت بە سزاکانیش فوئاد زراری ئاماژەی بەوە کرد، سزای راوکردن بەگوێرەی ئەو باڵندە و ئاژەڵانەیە کە راو دەکرێن، کەمترینیان 40 هەزار دینارە؛ باڵندەش هەیە راوکردنیان هێڵی سوورە و سزاکەی دەگاتە 12 ملیۆن دینار؛ جۆری ئاسکیش هەیە لە ئاژەڵاندا راوکردنی سزاکەی 25 ملیۆن دینارە.
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ