شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

27-11-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، شاندەکە چەند رۆژێک دەمێنێتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 27-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەێیندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رێکەوتی 9ی تشرینی دووەمی 2022 بڕیاری لەسەر درا، سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان".
 
لەوبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە چەند رۆژێک لە بەغدا دەمێنێتەوە و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە و سەبارەت بە بودجەی 2023 گفتوگۆ دەکەن.
 
سەردانەکە یەکەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق کە سەردانی بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق، لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە:"دۆسیەی مادەی 140، دۆسیەی نەوت و گاز، شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان 17%ـی بودجەیە، بەڵام بەگوێرەی دوایین سه‌رژمێریی چاوه‌ڕوانكراوی وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق 14% دیاریکراوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکرێت.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێكهاتووە لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە