ژمارەیەک گورگ لە گوندێکی کەرکووک هێرش دەکەنە سەر رانە مەڕی شوانێکی کورد و زیانێکی زۆری پێدەگەیێنن

 
رووداو - کەرکووک

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 26-11-2022 ژمارەیەک گورگ لە گوندی قەڵخانلوی گەورە لە سنووری زنانە لە باشووری کەرکووک هێرش دەکەنە سەر پەرێزی شوانکارەیەکی کورد و پەلاماری رانە مەڕەکەی دەدەن.
 
سۆران تەها، خاوەنی مەڕەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی شەممە ژمارەیەک گورگ بەسەر خانوویەکی قوڕدا سەرکەوتوون و چوونەتە نێو رانە مەڕەکەوە و دەستیان بە خواردن و کوشتنی مەڕەکان کردووە."
 
خاوەنی مەڕەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو شەوە لە گوند نەبووم و شوانکارییەکمان لەوێ بووە، کاتێک چووم بینیم گورگەکان 32 مەڕ و 28 بەرخیان کوشتووە و چەند مەڕێکی دیکەشیان بریندار کردووە و هەڵاتوون."