رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، کە پێشتر بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندراوە، بۆ ماوەی 36 کاژێر هاتووچۆکردن سنووردار کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای جۆلەمێرگ، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2022ەوە تاوەکو کاژێر 20:00ی رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2022 بۆ ماوەی 36 کاژێر لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و سەرجەم شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە بڕیاردراوە بە سنووردارکردنی هاتووچۆ و قەدەخەکردنی هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكیی دیکە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەژموونی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە/یەپەگە لە سووریا و عێراق بەڕێوەدەچێت، رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2022 لە شارۆچکەی گەڤەر بە دروشمی "نا بۆ شەڕ و داگیرکاری" رێپێوانێكی نایاسایی بەرفراوان بەرەو سنوور دەکرێت. لە ناوەند و قەزاکانی جۆلەمێرگ و لە پارێزگاکانی دیکەوە، بڕیارە بەشداری لەو رێپێوانە نایاساییە بکرێت.
پارێزگای جۆلەمێرگ دەڵێت، بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوهى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى ئەوانى ديكە، پاراستنی ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو و پاراستنی تەندروستیی خەڵک ئەو بڕیارە دراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.
لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 21ی تشرینی دووەمەوە لە چەولیگ بۆ ماوەی 15 رۆژ، لە رووها 15 رۆژ، لە بەدلیس 15 رۆژ، لە دێرسم 15 رۆژ، لە وان 9 رۆژ، لە ئامەد حەوت رۆژ، لە مووش حەوت رۆژ و لە شرناخیش بۆ ماوەی حەوت رۆژ قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندراوە.
بەر لە دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بە پێنج رۆژ لە پارێزگاکانی مێردین و جۆلەمێرگ بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخە راگەیێندراوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 20-11-2022 سوپای تورکیا هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان ئەنجامدا و دوای چەند کاژێرێک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 89 ئامانجیان پێکاوە.
ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژئاوای کوردستان بوو. فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رۆژی یەکشەممە 20-11-2022 رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان 11 کەسی سڤیل و شەڕڤانێکی هەسەدە لەگەڵ دوو پاسەوانی سایلۆی گوندی زەهری عەرەب لە زرگان گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی سڤیلیش برینداربوون؛ هەروەها 15 سەربازی حکومەتی سووریا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ