هاونیشتمانییەک لە تاران بە 5 ساڵ زیندانیکردن سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی نیما سوڵتانی نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر لە تاران دەستبەسەر كرا و ژمارەیەک تۆمەتی درایە پاڵ، بەوهۆیەوە رۆژی شەممە بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
پارێزەرەکەی نیما رۆژی یەکشەممە 27-11-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نزیکەی دوو مانگ مانەوە لە زیندانی ئێڤینی تاران، سزای 5 ساڵ زیندانیکردن، 2 ساڵ رێگریکردن لە چوونە دەرەوە و 2 ساڵ رێگریکردن لە چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا بەسەر نیمادا سەپێندراوە.
نیما خەڵکی بانەیە و لە زانکۆیەکی تاران خوێندکارە. پارێزەرەکەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، ئەو تۆمەتانەی نیمایان لەسەر سزادراوە بریتین لە "ئاژاوەگێڕی، هاندان بۆ خۆپێشاندان و چالاكی نایاسایی لە سۆشیاڵ میدیا." پارێزەرەکەی هەموو تاوانەکان رەتدەکاتەوە.
هاوڕێیەكی نیما هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو سەردانی گرتووخانەی ئێڤینی کردووە و لە نزیکەوە بینیویەتی كە لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە گیراوانی خۆپێشاندانەكانی تاران بووە.
پارێزەرەکەی نیما گوتی، بڕیارەکەی دادگەی ئینقلاب دوێنێ شەممە دراوە و تانەیان لێداوە و ئومێدەوارن سزاکەی كەم بكەنەوە یانیش بە دانانی بارمتە ئازاد بكرێت.
نیما سوڵتانی تەمەنی 20 ساڵە و خوێندكاری هونەری پیشە دەستییەكانە لە زانكۆی هونەری تاران.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردووی خۆپێشاندانەكانی ئێراندا تەنیا لە رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 5 هەزار كەس دەستبەسەر كراون و 112 كەسیش لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.