کوردستان
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارك تاكانۆ، سەرۆکی شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێنداوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا "گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان" تاوتوێ کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-11-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مارك تاكانۆ کرد كه هەریەکە لە ئەلیسا سلۆتکین، کۆلین ئۆڵرێد، کاتی پۆرتەریش لە ئەندامانی کۆنگرێس یاوەری بوون.
بەگوێرەی راگەیێنداوەکەی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا "گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوايين گۆڕانکاری و پێشهاتهكانى عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا."
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا رۆنامۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەی بوو، وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا "پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی دیموکراسیی سەرکەوتوو لە عێراق دووپات کردەوە و هەروەها ستایشی دۆخی ئازادیی ئایینی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانییان کرد."
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمریکا"ـی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و "جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیری و ئارامی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا."
لەبارەی حکومەتی نوێی عێراقیشەوە، راگەیێندراوەکەی حکومەت دەڵێت، مەسرور بارزانی دووپاتیکردووەتەوە کە "ئێستا دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدرالی، خزمەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات و لە سەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزارەی، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ