نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران بۆ حکومەت: بە ئەمنیکردنی شارەکانی کوردستان بوەستێنن


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران، بەهۆی تووندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان لە دژی خۆپێشاندەران، دەنگی ناڕەزایی بەرزکردەوە و رایگەیاند، دەبێ سەرۆککۆمار و وەزیری ناوخۆی ئێران وەڵام بدەنەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-11-2022، جەلال مەحموودزادە، نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران داوای لە سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد؛ بۆ کوژرانی 105 کەس لە خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێنەسەرهێڵ و وەڵامی پرسیاری خەڵک بدەنەوە. 
 
بە گوتەی جەلال مەحموودزادە، تەنیا لە خۆپێشاندانەکانی شاری مهاباد 13 کەس بە تەقەی راستەوخۆی هیزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە. کاتێکیش لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەدواداچوونی بۆ کەیسی ئەو کەسانە کردووە، لەلایەن دەسەڵاتەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە. 
 
جەلال مەحموودزادە دەڵێت؛ حکومەت لەشکرکێشی کردووەتە سەر شارە کوردەکان و ئێستا دۆخی شارەکان بە تەواوی ئەمنییە و هێزە چەکدارەکان، شەوانە تەقە لە ماڵی خەڵک دەکەن و بۆ ترساندیان دروشم لەسەر دیوارەکانیان دەنووسن.
 
نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران داوا دەکات ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران بوەستێندرێت و کۆتایی بەو گوشارانە لەسەر خەڵک بهێندرێت.
 
دەقی قسەکانی جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران:
 
هۆشداریی من بە سەرۆککۆمار و وەزیری ناوخۆیە. لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی یەک مانگی رابردووی مهاباددا، 13 کەس و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ناوچەکانی کوردنشینەکانیش 105 کەس کوژراون. بەڕێز وەحیدی، ئێوە وەک وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات، دەبێ وڵامی ئەم دۆخە بدەنەوە و بۆ جاری چەندەمە کە داوا دەکەین ئەوانەی بە گولـلەی جەنگی تەقەیان لە خەڵک کردووە، بیانناسێنن و بیاندەنە دادگا، بەڵام بەداخەوە لەبری بەدواداچوون بۆ مافی خەڵک لەنێو سیستمی دادوەریدا، بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە لە هەمان سیستمی دادوەریدا سکاڵا لەسەر منی نوێنەری خەڵک تۆمارکراوە کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکان دەکەم. هەروەها لەشکرکێشی و بە ئەمنیکردنی شارە کوردییەکان بە تایبەت مهاباد، دەستبەسەرکردنی بێ هۆی خەڵک، هێرشکردنی شەوانە بۆسەر ماڵی خەڵک و لەنێوبردنی کەلوپەل و ئۆتۆمبێلەکانیان و نووسینی دروشم لەسەر دیواری ماڵی خەڵک، دروستکردنی ترس و هەراسانی و جێگیرکردنی بازگەی پشکنین لە خاڵی چوونە ژوورەوەی نێو شارە کوردنشینەکان و پشکنینی کەلوپەلی تایبەتی خەڵک وەکو سەرەتای شۆڕش، هۆکاری چییە؟ بەڕێز وەحیدی، بۆچی کۆتایی بەو گوشارانە و ئەمنیکردنی ناوچە کوردییەکان ناهێنن؟