سەندیکای رۆژنامەنووسان: هەردوو راگەیێندراوەکەی لیژنەی داکۆکی و جێگری نەقیب رەتدەکەینەوە

27-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژێکدا دوو راگەیێندراوی جیاواز و دژبەیەک لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە لەبارەی پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی بڵاودەکرێتەوە. راگەیێندراوی یەکەمیان لە لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسانەوە دەرچووە کە سکرتێرەکەی کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستانە. جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لە پشکی یەکێتی وەڵامی دەداتەوە.
 
رۆژی شەممە، 26-11-2022، لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان کە سکرتێرەکەی (د. نه‌زاكه‌ت حوسێن)، کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانە، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت کە بریتییە لە رفاندن، دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنووسان."
 
لیژنەکە ئاماژەی بە دۆسیەی رۆژنامەڤان هۆشیار عەلی، پەیامنێری سایتی وشە کردووە کە لەلایەن هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستگیرکراوە و دەڵێت، "توورەکەی پرتەقاڵیی تیرۆریستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر بیسەرشوێن دەبێت و دواتر ئازاد دەکرێت، جگە لەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنووسییەکەی دەگرن و شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت."
 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بە دۆسیەی رۆژنامەڤانێکی دیکە بە ناوی "رەوا بورهان" داوە کە پێنج رۆژ لەمەوبەر دەستگیرکراوە.
 
هەر هەمان رۆژ بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوەکەی دایەوە و "لیژنەکە"ی بە زەقکردنەوەی کاری حیزبی لە سەندیکا تۆمەتبارکرد.
 
لە راگەیێندراوەکەی جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان هاتووە: "ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی تووند و تۆمەتبەخشە."
 
هەروەها هاتووە: "ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە ئەرکی خۆمان دەزانین بێ جیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەنێو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان."
 
جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان پێیوایە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نییە و ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەکەنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 27-11-2022، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەبارەت بە هەردوو راگەیێندراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کێشانە لە ئەنجامی ململانێی حیزبییە کە لەنێوان یەکێتی و پارتی لە کوردستان روودەدات و درێژکراوەی ئەو ناکۆکییانەیە. سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان شەش مانگ جارێک راپۆرتی پێشێلکارییەکانی هەیە و ئەو راگەیێندراوەی لیژنەی داکۆکی پێویست نەبوو و روونکردنەوەکەی جێگری نەقیبی سەندیکاش قبوڵکراو نییە و لە شوێنی خۆی نەبوو، بۆیە هەردوو راگەیێندراوەکەمان پێ باش نییە و رەتیدەکەینەوە."
 
دەقی بەیاننامەکەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان:
 
بەیاننامەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان سەبارەت هەڵمەتێکی ترسناک دژی رۆژنامەنووسان لەلایەن ئاسایشی  پارێزگای سلێمانیەوە.
 
ژمارەیەک سکاڵاو پەیوەندیی رۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داکۆکی کراوە لەلایەن رۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی کە هەست بە مەترسی بۆسەر ژیان و کەسایەتیان دەکەن، ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان، نموونەی ئەمانە رۆژنامەنوس (هۆشیار عەلی) پەیامنێری سایتی وشە، ماوەیەک لەمەوبەر لە شەوێکدا بۆ رووماڵ دەچێتە دەرەوە، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە هەڵدەکوتنە سەری و دەستگیردەکرێت و توورەکەی پرتەقاڵی تیرۆرستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت و دواتر ئازاد دەکرێت، جگە لەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنووسییەکەی دەگرن، شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت. 
 
ئەمڕۆ 4 رۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس (رەوا بورهان) و لە ماڵ دەبرێتە دەرەوە و تا ئێستاش چارەنووسی وونە، لە هەمان کاتدا چەندین پێشێلکاری تر لە ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە بەرانبەر رۆژنامەنووسان، ئەمە جگە لەوەی مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر پرۆسەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و پێشێلکردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەنگەری و پاراستنی رۆژنامەنووسان، ترس و دڵەراوکێی لای رۆژنامەنووسان دروست کردووە و دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە، بۆیە ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داوادەکەین هەرچی زوترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کۆتایی پێبهێنرێت، بە پێچەوانەوە ناچاردەبین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئازادیی رۆژنامەنووسی ئاگاداربکەینەوە.
 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان
هەولێر 26/11/2022
 
دەقی راگیێندراوەکەی جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان:
 
بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی
 
ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی 26ـی 11ـی 2022 لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان کە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی تووند و تۆمەتبەخشە.
 
ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە ئەرکی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەنێو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
 
ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، کە لە هەولێر و دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناکرێت.
 
بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نییە و ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەکەینەوە.
 
بژار حەکیم
جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان
هەولێر
26ـی 11ـی 2022
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حەیدەر شەشۆ لە نووڕۆژی رووداو قسە دەکات

حەیدەر شەشۆ: مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شنگال هەیە

فەرماندەی هێزی ئێزیدخان دەڵێت، ''بەشێکی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان هەوڵدەدەن چیای شنگال بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنن''؛ گوتیشی، مەترسیش هەیە ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرش بکاتە سەر شنگال.