رێکخەری پێشانگەی کتێب لە سلێمانی: پەرتووکە ئیسلامییەکان پڕفرۆشترین نەبوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە 10 رۆژدا ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و پەخش و وەشانی نێوخۆیی و دەرەکی، چی کتێبی نوێ و سەرنجڕاکێشیان هەبوو، خستیانە بەرچاوی خوێنەران. خاوەنی کۆمپانیای رێکخەری پێشانگەکە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە پڕفرۆشترین کتێب، پەرتووکە ئیسلامییەکان بن. 
 
حەسەن رەحیم، خاوەنى کۆمپانیاى ئەتڵەس ئەسل دەڵێت، "نزیکەى دوو ملیۆن ناونیشان و 200 ناوەند بەشداربوون، لەو هەموو کتێبانەدا کەس ناتوانێت بڵێت، کامە جۆر پڕفرۆشترینە."
 
بەپێی ئاماری پێشانگەکە، لەو 10 رۆژەدا 170 هەزار کەس سەردانیان کردوون و 81% خوێنەران لە پێشانگەکە رازی بوون و 50% ناوەند و کتێبخانەکانیش ئامادەی بەشدارییان بۆ ساڵی داهاتووش دەربڕیوە.
 
شاکار عەبدولقادر، خوێندکارە و دەڵێت، "من ئەمڕۆ هاتووم، زیاتر بەدواى کتێبى بوارى میدیادا دەگەڕێم." کۆسار عومەریش  فەرمانبەرە، دەڵێت، "دوو کتێبم کڕیوە لە بوارى فیقهـ و ئیسلام، کە خۆم خویلیامە."
 
سەردانیکەرێکی دیکەش ناوی کانى شیروان بوو کە پیشەی فەرمانبەر بوو، گوتی، "مناڵەکان زیاتر حەزیان لە کتێبى ئینگلیزى و رۆمان بووە بۆیە هێنامن."
 
کەیوان محەممەدیش کاسبکارە و رایگەیاند، "زیاتر یەکێک لە کچەکانم و دایکیان دەخوێننەوە، من لەبەر کارکردن، حەزم لە خوێندنەوە نییە."
 
گرووپێک لە کارمەندانی کتێبخانەی پیرەمەگروون هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی کتێب بۆ سەر رەفە سووتاوەکانی کتێبخانەکەیان. تاریق نامیق، کارمەندى کتێبخانەى پیرەمەگروونە و بە رووداوی راگەیاند، "ئەم هەڵمەتەمان بۆ ئەوەیە کە بە گەورەتر و جوانتر و کاریگەرتر بتوانین ناوەندى رۆشنبیرى و کتێب بۆ دووکان و پیرەمەگروون بگێڕینەوە."
 
بۆ یەکەمجار و ئەمساڵ وەزارەتەکانی رۆشنبیری، پەروەردە و خوێندنی باڵا و هەندێک فەرمانگەی دیکە بە کڕینی کتێب بۆ ناوەندەکانی خوێندن، هاوکاریی کتێبخانە و وەشانخانەکانیان کرد. وەشانخانەکانیش کێبڕکێى زۆرفرۆشییان لەسەر داشکاندنى نرخکرد، کە لە 10% بۆ 40%یان لە نرخ کەمکردبووەوە.