لە رووبارێکی ئەمازۆن زێڕ دەردەهێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە دوورەوە، لە ژمارەیەک خانوو دەچن، بەڵام کە لێیان نزیک دەبیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کارگەی دەرهێنانی زێڕن لەسەر پاپۆڕی دار دروستکراون. نزیکەی 400 پاپۆڕی لەو جۆرە لە نێوەڕاست و لێوارەکانی رووباری مادیرا لە دارستانەکانی ئەمازۆن لەنگەریان گرتووە؛ نزیکەی سێ هەزار کەس تێیاندا کاردەکەن. 
 
ژواو گۆمێز، هاووڵاتیی بەرازیلییە، دەڵێت، "ئەم پاپۆڕە تەنیا بنەماڵەکەمی تێدایە. کوڕەکەم، نەوەکەم، خوشکەزاکەم، براژنەکەم و ژنبراکەم. هەموویان لە بنەماڵەی خۆمن."
 
یەکێک لەو کرێکارانە دەڵێت، هەر پاپۆڕێک پێویستی بەوەیە 40 کاژێر کاربکات تاوەکو 60 گرامی زێڕ کۆبکاتەوە کە بایی سێ هەزار و 500 دۆلار دەبێت. 
 
گۆمێز دەشڵێت، "ئەمساڵ زێڕێکی ئەوتۆ نەبوو. بۆیە کە زانیمان ئێرە زێڕی باشی لێیە، هاتین بەدوایدا بگەڕێین."
 
قوڕ و لیتەی بنی رووبارەکە چەندین جار دەشۆردرێتەوە تاوەکو خڵتەی زێڕی خاو دەنیشێت. زێڕە خاوەکە لەگەڵ جیوە تێکەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی زێڕی ساف لە کانزاکانی دیکە جیابکرێتەوە. پاشان هەردووکیان پێکەوە دەکرێنە تۆپەڵەیەک و گەرمدەکرێن، جیوەکە دەبێتە هەڵم و زێڕە سافەکەش دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو جیوەیەی لە لایەن هەندێ لە هەڵکنەرەکانەوە فڕێدەدرێتە نێو ئاوەوە، کاریگەریی کوشندەی لەسەر ماسی و زیندەوەرەکانی دیکەی نێو رووبارەکە هەیە.
 
هەروەها هەڵمی جیوەکە کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی کرێکارەکان هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کارەکە لە بەرازیل بە نایاسایی دادەنرێت، ئەگەرچی جایر بۆڵسۆنارۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڵێنیدابوو بە مەرجی رەچاوکردنی سەلامەتی، مۆڵەتی پێبدات. 
 
دانیکلی جاگیار، ژینگەپارێزە و دەڵێت، "دەرهێنانی زێڕ لە رووباری مادیرا شتێکی کۆنە، بەڵام هەمیشە شەڕ دژی کراوە. ئەوە راستە کە بەردەوام زێڕی لێ دەرهێندراوە، بەڵام هەندێ رێوشوێن هەبوون بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت ئەم کارە لەنێو رووباری مادیرا فراوان بکرێت."
 
کرێکارەکان داوادەکەن ئەو کارەیان بە یاسایی بکرێت، بەڵام چوارشەممەی رابردوو، داواکاری گشتیی بەرازیل داوای لە ویلایەتی ئەمازۆناسی ئەو وڵاتە کرد هەستێت بە دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو پاپۆڕانەی کە لەنێو رووبارەکەدان.