فڕۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندێکی سەنگەسەر بۆردوومان دەکەن

رووداو - راپەڕین 

ئێوارەی رۆژی سێشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی سەرگەینێڵی بناری قەندیلیان کردووە لە سنووری شارۆچکەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر. بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش دەڵێت: بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ گوندەکە بۆ ماوەیەک چۆڵکرا.
 
نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بۆردوومانەکە کاژێر 4:00 ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 26-11-2019 روویدا و بۆ ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بوو. فڕۆکەکانی تورکیا شەش جار بۆردوومانی سنووری گوندی سەرگەینێڵ -یان کرد".
 
بەگوتەی نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ، دانیشتووانی ئەو گوندە هەڵاتبوون و چووبوون بۆ گوندی (سینەمۆکە)، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری گوندی سەرگەینێڵ، نەهرۆ عەبدوڵڵا گوتی "زیانی زۆر بە رەز، باخ و خانووی ماڵەکان گەیشتووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. تەنیا خەڵكەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوون".
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سەنگەسەر دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەردەوام بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی بناری قەندیل دەکەن و دوێنێش دوایین بۆردوومانیان بووە لە گوندی سەرگەینێڵ".
 
شاهۆ قەندیلی، دانیشتووی گوندی سەرگەینێڵ لەبارەی بۆردوومانەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زیاتر لە هەشت جار بۆردوومانی سنووری گوندەکەمانی کرد، سەرەتا لە یەک کاتدا دووجار سنووری گوندەکە بۆردوومانکرد و دەنگێکی زۆر هات، دوای 10 خولەک جارێکی دیکە بۆردوومانەکە دەستیپێکردەوە و چەند جارێکی دیکە بەردەوام بوو".
 
ئەو دانیشتووەی گوندی سەرگەینێڵ دەڵێت "یەکێک لە بۆمبەکان نەتەقیەوە و کەوتە گوندی ئاشقوڵکە کە نزیکە لە گوندەکەی خۆمان".
 
بەگوتەی شاهۆ قەندیلی، پێشتر بۆردوومانی لەم شێوەیە لە ناوچەکەیان نەبووە و دەشڵێت " دەنگی فڕۆکەکان و کاتی بۆردوومانەکە ئەوەندە بەهێز بوو هەموو دانیشتووانی گوندەکە ترسان و هەڵاتن، بەشێکمان چووینە شاخەکان و بەشێکی دیکەش بۆ گوندی سینەمۆکە رۆیشتین".
 
سەرگەینێڵ گوندێکی سنووری شارۆچکەی سەنگەسەرە لە سنووری قەزای پشدەر، نزیکەی 50 ماڵ لێیە و بەگوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی سەنگەسەر نزیکەی 150 کەسی تێدا دەژیت. گوندەکانی سینەمۆکە، ئاشقوڵکە، بڕەدێ، سوورەدێ، کاسکان و شارۆش هاوسنووری ئەم گوندانەن.