لە قەرس ژنێک لە شەش قازەوە دەبێتە خاوەنی پێنج هەزار قاز

رووداو - هەولێر

بەخێوکردنی قاز لە پارێزگای قەرس-ی باکووری کوردستان بووەتە پیشەی سەرەکی بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە. ژنێک سێ ساڵ پێش ئێستا خاوەنی شەش قاز بووە بەڵام بەهەوڵی خۆی ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار قازی هەیە.

پارێزگای قەرس-ی باکووری کوردستان بە ناوەندی بەخێوکردنی قاز لە تورکیا هەژماردەکرێت. لەدوای بارینی یەکەم بەفری ساڵ لە قەرس لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی قازدا کارێکی قورس و گران دەستپێدەکات و بەر لە سەربڕینی قازەکان کۆمەڵێک ئامادەکاریی دەکرێت. 

فاتمە ناگاش یەکێكە لەو کەسانەی ماوەی چەند ساڵێکە لە قەرس قاز بەخێودەکات. ئەو دەڵێت، بەخێوکردنی قاز کارێکی گرانە، بەڵام لە هەمانکاتدا دڵخۆشکەرە.

فاتمە ناگاش گوتی "ماوەی سێ ساڵە دەستم بە بەخێوکردنی قاز کردووە. سەرەتا شەش قازم هەبوو و بەو شەش قازە دەستمپێکرد. دواتر بە تواناکارییەکانی خۆم نزیکەی پێنج هەزار قازم بەرهەمهێنا. ئێستا قازەکانم ئامادەن بۆ بەکارهێنانیان لەلایەن بەکاربەرانەوە. بەخواستی خۆم و بەحەزێکی زۆرەوە ئەم کارە دەکەم. تاکە داواکاری من ئەوەیە، لەلایەن کاربەدەست و دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە پاڵپشتیکردنی ئەم کارەم بکرێت". 

قازەکان لە بەهاردا لە سەوزاییەکاندا دەلەوەڕێندرێن و لە تشرینی یەکەمەوە لە کێڵگەکاندا تەنها جۆیان پێدەدرێت. لە وەرزی زستانیشدا لە چوارچێوەی ئامادەکردنیاندا بۆ سەربڕین، قازەکان لە گۆمە دەستکردەکان یان لەو ناوچانەی ئاویان هەیە، بەرەڵڵا دەکرێن بۆ ئەوەی مەلە بکەن. 

ئەو قازانەی لەو کێڵگە پەلەوەرییەدا بەخێودەکرێن کێشیان لەنێوان 7.5 بۆ 8 کیلۆیە. کیلۆی بە 55 - 60 لیرەیە و بەکۆ بە خاوەن ریستۆرانت و بازرگانەکانی شارەکە دەفرۆشرێن.