رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە ئەگەری زۆر لەم هەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیێنین، هەر حیزب و لایەنێکیش رەخنەی لە ئەنجامەکە هەبوو با تانەی لێ بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، زانا عوسمان، ئەندامی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری سکاڵاکانی سەر دەنگدانی گشتی و تایبەت یەکلایی کراونەتەوە، بە یەکلاییکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی دەنگدان ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێندرێت، کە بە ئەگەری زۆرەوە لەم هەفتەیەدا دەبێت."
سەبارەت بە تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، زانا عوسمان گوتی: "ئەو بەربژێر و لایەنانەی گلەییان لە ئەنجامی دەنگدان هەیە، دەتوانن دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تانە لە ئەنجامەکە بدەن، کە ماوەی سێ رۆژیان لەبەردەست دەبێت بۆ ئەو کارە."
رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و لە 20ـی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
له 21ـی مانگدا کۆمیسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەنجامەکە دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، کە دوو ملیۆن 87 هەزار و 972 کەسیان دەنگییان داوە، واتا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان 72٪ بووە.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کورسی لایەنەکان بەم شێوەیە دەبێت:
پارتی: 39 کورسی
یەکێتی: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتوو: 7 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: دوو کورسی
گۆڕان: یەک کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: یەک کورسی
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان بەشێکی زۆری حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان رەخنەیان لە پڕۆسە و ئەنجامەکەی گرت و دەڵێن "ساختەکاری" کراوە.
دوێنێ کۆمەڵی دادگەری وەکو یەکەم حیزبی گلەییکار کە 3 کورسی بەدەستهێناوە؛ بڕیاری دا پەرلەمانتارە دەرچووەکانی نەنێرێتە ئەم خولەی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ