هۆشدارییەک لە ئەوقافەوە بۆ ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەبێت چوار ملیۆن دینار رادەست بکەن. بەپێچەوانەوە، کەسی دیکە دەخرێتە شوێنیان.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەرگرتنی پارە دەستیپێکردووە و هەرکەس پارە نەبات، مافی دەفەوتێت."
 
دوایین کات بۆ رادەستکردنی پارەکە 03ـی مانگی داهاتووە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "تاوەکو کاتی دیاریکراو هەر کەس پارە رادەست نەکات، ناوەکەی لادەبرێت و کەسێکی یەدەگ دەخرێتە شوێنی."
 
لەبارەی نرخی حەجی ئەم ساڵەوە نەبەز ئیسماعیل گوتی، "ئەوەی وەردەگیرێت گوژمەی یەکەمە. بۆ وەرگرتنی تەواوی پارەکە چاوەڕێی حکومەتی عێراق دەکەین کە نرخ دیاری بکات."
 
ئەم ساڵ پشکی حەج بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادکرا. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە داوایان کردبوو ساڵی 2025 بچنە سعودیە بۆ بەجهێنانی حەج. لە ئەنجامدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
 
بۆ حەجی ئەم ساڵ 16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانەش 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و 56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 کە داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردبوو. لە تیروپشکەکەدا ناوی 4174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.