رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییەکان لە بەرنامەیدایە بڕی زێڕی مارەیی هاوسەرگیری کەمبکاتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: ئێزدییەکان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدان و نرخی زێڕیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە ئامانجیان لەم هەنگاوە ئاسانکردنی پڕۆسەی هاوسەرگیرییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، سعود مستۆ، راوێژکار لە ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەکی تایبەت بە پرسی کەمکردنەوەی بڕی زێڕی مارەیی پێکهێنرا.
سعود مستۆ کە یەکێک بوو کە ئەندامنی لیژنەکە، ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی 10 رۆژدا لێکۆڵینەوە لە سەرجەم میکانیزمەکان دەکەن و پێشنیازەکانیان کۆدەکەنەوە.
راوێژکارەکەی ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییەکان گوتی، "دوای ئەو 10 رۆژە دووبارە ئەنجوومەنی رۆحانی کۆدەبێتەوە ئەو پێشنیازانەی لیژنەکەمان دەخاتە دەنگدانەوە، کام لەو پێشنیازانە زۆرترین رەزامەندی لەسەر هەبوو ئەوەیان پەسند دەکرێت و دەبێتە بڕیار."
ساڵانێکە لەنێو ئێزدییەکان 75 گرام زێڕ کە دەکاتە 15 مسقاڵ، وەکو بڕی زێڕی مارەیی دیاریکراوە، سعود مستۆ دەڵێت: "یەکێک لە پێشنیازە بەهێزەکان ئەوەیە کە بڕی زێڕی مارەیی بکرێتە 40 بۆ 50 گرام زێڕی عەیار 21، واتە 10 مسقاڵ یان کەمتر، کە پێمانوایە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو پێشنیازە پەسند دەکرێت."
سعود مستۆ دەڵێت، ئامانج لەو بڕیارە ئەوەیە کە ئێزدییەکان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدان و نرخی زێڕیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە دەیانەوێت بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی هاوسەرگیری کەم بکەنەوە.
بڕیاری دیاریکردنی 75 گرام زێڕ وەکو مارەیی لەلایەن ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی لە سەردەمی میر تەحسین بەگ لە ساڵی 2009 دیاریکرا.
چەند مانگێکە نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لەم رۆژانەدا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری 600 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ