نەوت و کانزاکانی گەرمیان: دەست بە دابەشکردنی نەوت کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە و تائێستا لەکۆی 42 هەزار خێزان نزیکەی هەزار و 400 خێزان نەوتیان وەرگرتووە. دەشڵیت، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی هەزار و 800 تۆن گازی شلە.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات.
باسی دابەشکردنی نەوتی کرد لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و گوتی، گەرمیان دابەشی سێ ناوچە کراوە؛ قۆناخی یەکەم، ناوچە شاخاوییەکان؛ ناحیەی مەیدان و شێخ تەویل دەگرێتەوە، پرۆسەکە سەرەتا لە مەیدان دەستی پێکرد، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانیان بەدەمەوەهاتنیان نەبووە، کەی ویستیان لەڕێگەی یەکەی کارگێڕییەوە بۆیان دابین دەکەین. لە ناحیەی شێخ تەویل پرۆسەکە کۆتاییهاتووە.
گوتیشی، قۆناخی دووەمی دابەشکردنی نەوت، سنووری دەوروبەر دەگرێتەوە، قەزای کفری و ناحیەکانی، لە ناوەندی کفری و ناحیەی رزگاری دەستیپێکردووە و دابەشکردنی نەوت بەردەوامە. بۆ قۆناخی سێیەم و کۆتاییش لە ناوەندی گەرمیان لە کەلار دەبێت.
نزیکەی 42 هەزار خێزان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەتوانن نەوت وەربگرن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 280 هەزار لیتر نەوت بەسەر هەزار و 400 خێزان دابەشکراوە.
بەگوتەی یادگار فەتاح، یەکێک لە گرفتەکانی ژێرخانی کەرتی سووتەمەنی، نەبوونی کۆگەیە. دەڵیت، "زۆر پیویستمان بە کۆگەیە بۆ سنوورەکە، دوو وەبەرهێنەر داوای مۆڵەتی دروستکردنی کۆگەیان کردووە، بەڵام بەهۆی رۆتینیاتی کارگێڕییەوە تائێستا هیچ هەنگاوێکی نەبڕیوە".
لەبارەی پێداویستیی دانیشتووانی سنووری گەرمیان بۆ گازی شل، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان دەڵێت، رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی پێنج هەزار بوتڵ (60 تۆن)یان پێویستە و پار لە لایەن کارگەی دابەشکردنی گازی کەرکووکەوە وەکو پێویست گازی شل بۆ سنوورەکەیان دابین دەکرا، بەڵام شەش مانگ دەبێت کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەی 42 تۆن.
یادگار فەتاح گوتیشی، مانگانە بە تێكڕا پێویستمان بە نزیکەی هەزار و 800 تۆن گازە، بۆ ناردنی بڕی گازی پێویست بۆ سنوورەکەیان نووسراوی فەرمییان بۆ بەغدا کردووە و لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری گاز لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بۆ ئەوەی زستان گرفتیان بۆ دروست نەبێت.