کەسێک لە سلێمانی نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری 50 کەس بەناوی نۆژەنکردنەوەی خانوو دەبات

27-10-2024
پێشەوا بەختیار
خانوویەکی تەواونەکراو. وێنە: رووداو
خانوویەکی تەواونەکراو. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ژمارەیەک هاونیشتیمانیی سلێمانی بەدەست یەک کێشەوە دادوبێدادیانە و دەڵێن، هەریەکەیان ویستوویەتی خانووەکەی نۆژەن بکاتەوە، پارەی ماڵیان داوە بە کۆمپانیایەک بەنیازی نۆژەنکردنەوە، بەڵام ئەوەی پێیان داوە ئێستا دیار نەماوە. ئەو هاونیشتمانییانە سکاڵایان بردووەتە دادگای سلێمانی و چاوەڕوانن یاسا سەروەر بێت.
 
هەژار عومەر، سکاڵاکار دەڵێت، "خانووەکەمی رووخاندووە، جگە لەوەی پارەی خواردووم ئێستا کێشەی شارەوانیشی بۆ دروست کردووم. زەلام هەیە یەک دنیا پارەی لێ وەرگرتووە، بەڵام لەسەر زەوییەکەی تەنیا بەرمیلێکی داناوە. دوو کوڕی هەیە، کوڕە گەورەکەی دەستە راستیەتی و هەموو پارەکان دراوە بە ئەو، بەڵام ئێستا کەسیان دیار نین و ئەکاونتەکانیان داخستووە."
 
کەمترین پارەی وەرگیراو لەلایەن کۆمپانیای (دریم هاوس) کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (ع. ج. ن)، دوو ملیۆن و 580 هەزار دینارە، زۆرترین پارەی وەگیراویش 165 ملیۆن دینارە. بە گوتەی ئەوانەی سکاڵایان کردووە لە دادگا، نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری خەڵک کە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە دراوە بە کۆمپانیاکە، ئێستا چارەنووسی نادیارە، کە هی زیاتر لە 50 کەسە.
 
د. قوتەیبە فازل، سکاڵاکار ئاماژە بەوە دەکات، "جگە لەوەی پارەی لێ وەرگرتووین، چووە چەو و لم و چیمەنتۆی بەناوی ئێمەوە هێناوە و زیاتر قەرزداری کردووین. من 14 ملیۆنم پێدا، کەچی ئێستا بە بەهای 16 ملیۆن دینار قەرزی شیش و چیمەنتۆم لەسەرە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، (ع. ج. ن) کە خەڵکی بەغدایە، کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بووە، بە تۆمەتی هەڵاتن لە ئەرک و فرۆشتنی چەکی حکومی، لە کەرکووک نزیک دوو مانگە لە زیندانە، بە سکاڵاکارەکانی گوتووە، "جارێ هەڵنەهاتووم، پارەی کەستان ناخۆم." لە دادگای سلێمانیش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و بنکەکانی پۆلیسی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".