پەرلەمانتارێکی کورد: سوننە ئامادە نەبوو دەنگ بە گەڕانەوەی موڵکی داگیرکراوی کورد بدات

27-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیار بوو کاژێر ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات، بەڵام کۆبونەوەکە دواخرا. پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، "پەرلەمانتارانی سوننە بە بیانووی نایاسایی دانیشتنەکەیان جێهێشت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم، شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێژەی یاسایی تەواو بوو و 174 ئەندام هاتنە ژوورەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی سوننە بە هەندێک بیانووی نایاسایی کە گوایە وەزیری دارایی و بەرگری ئەمادە نەبوون؛ کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە."
 
شوان محەممەد گوتی، "تاوەکو ئێستاش بیروباوەڕی رژێمی بەعس لەناو ئەم پەرلەمانەدا کارایە، ئەوان لایان گرانە خەڵکی کەرکووک، مەندەلی و مەخموور کە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش موڵک، ماڵ و زەوییان داگیرکراوە بۆیان بگەڕێتەوە، هەندێک لە پەرلەمانتارەکان شەڕیان دروستکرد، بە ئاشکرا داکۆکی لە بیر و بڕوای رژێمی بەعس دەکەن، بۆ ئەوەی زەویی کورد لە کەرکووک نەگەڕێتەوە."
 
سەبارەت بە درێژەدان بە کۆبوونەوەکە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "ئەگەر رێژەی یاسایی پەرلەمان تەواوبێت، کۆبوونەوەکە هەڵناگیرێت و بێ سوننەکان بەردەوام دەبێت، کە پێویستە 166 ئەندام پەرلەمان لە ژوورەوە بن."
 
شوان محەممەد دەڵێت، "ئەگەر بڕگەی یەکەم کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان (کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە) دەنگی لەسەر نەدرێت، ئێمەی کوردیش دەچینە دەرەوە و ناهێڵین بڕگەکانی دیکەش دەنگیان لەسەر بدرێت و رێژەی یاسایی تەواو بێت، هەر لەبەر ئەوەی کە متمانەمان پێنەبوو بۆیە ئەم بڕگەیەمان لە یەکەم دانا."
 
کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتبوو، سێ پڕۆژەیاسا گرنگ بۆ کورد، سوننە و شیعە کە جێگەی مشتومڕن خراونەتە بەرنامەی کار؛ هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی.
 
دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دانراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
 
بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی، خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
 
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.