رووداو دیجیتاڵ
کێشەی رەتکردنەوەی شیاوبوونی دوو لەسەر سێی دەرچووانی تاقیکردنەوەی مامۆستایی لە پارێزگای کرماشان چارەسەر نەکراوە.
لە هەزار و 550 کەس کە هاوینی ئەم ساڵ لە تاقیکردنەوەی دامەزراندنی مامۆستایی لە پارێزگای کرماشان دەرچوون، دەستەی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکە شیاوبوونی نزیکەی 900 کەسیانی رەتکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی میدیای پارێزگای کرماشان، بەشی هەرە زۆری ئەوانەی رەتکراونەتەوە، سوننە و یارسانن و بە پێی مادەی 19ی هەڵسەنگاندن شیاوبوونیان بۆ دامەزراندن وەکو مامۆستا رەتکراوەتەوە.
بەپێی ئەو مادەیە، "ئەو کەسانەی لە رێوڕەسمە مەزهەبییەکان، نوێژی هەینی و بۆنەکانی وەکو هەڵبژاردن یان رێپێوانە حکومییەکاندا بەشدارییان نەکردبێ، شیاو نین بۆ دامەزراندن".
دوو مانگ پێش ئێستا بەرپرسانی پەروەردە و چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی پارێزگای کرماشان رایانگەیاند، پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانە دەکرێت کە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە، بەڵام ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە مانگێکە دەستیپێکردووە و هێشتا نەکراوە.
عەلی میرزایی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کرماشان دەڵێت، ئەو پارێزگایە کێشەی کەمیی مامۆستای هەیە و ئەگەر بەو تووندییە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەرچووانی تاقیکردنەوەی مامۆستایی نەکرابا، دەیانتوانی بە دەستبەکاربوونیان بەشێک لەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ