شەڕی ئیسرائیل و حەماس پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپایە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردە و بەرپرسانی 27 ولاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەیانەوێت بەیەک دەنگ و بەهاوبەشی چارەسەرێک بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەرەکە لە ناوچەکە بدۆزنەوە.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێمە پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەین لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی خۆی لە بەرامبەر هێرشە ترسناکەکەی حەماس، ئەوە هێرشێکی  دڕندانە بوو بۆ سەر منداڵان، بۆ سەر خێزانەکان، بۆ سەر گەنج و پیرەکان، کە پێشێلکردنی هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی بوو، هەر بۆیەش لام  گرنگە ئێمە هەلوێست روونمان لەسەری هەبێت. هەروەک چۆن کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن، هەروەها کاردەکەین بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ هاووڵاتیانی غەززە کە ئەوانیش قوربانیی حەماسن ئەوانەی بە کودەتا لەوێدان دەسەڵاتیان لەوێ وەرگرتووە و دانیشتوانی خۆیان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە گرنگە یارمەتییە مرۆییەکان بەرەوپێش ببەین."
 
بۆ دوو رۆژ پرسی و سەرنجی سەرەکیی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، پرسی کۆچبەران و هاوکاریی ئۆکراینا گفتوگۆی سەرەکیی سەر مێزەکان دەبن.
 
ئەلێکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت، "گفتوگۆکان زۆر گرنگن. ئەم پرسە بۆ وڵاتانی وەک بەلجیکا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا زەحمەتە. پێویستە پێکەوە کاربکەین. زۆر دڵخۆشم کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی رابردوو لەگەڵمان بوو بۆ قسەکردن لەسەر چۆنییەتی کۆکردنەوەی باشتری هەوڵەکانمان، بۆ نموونە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکەی کە مافی پاراستنیان نییە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە دابین بکەین کە مافی پاراستنیان هەیە، بەڵام  پێویستە وڵاتانی بنەڕەتیی کۆچبەرانیش لەگەڵمان کاربکەن بۆ بردنەوەی ئەو کەسانەی کە هیچ مافی پاراستنیان نییە."
 
وڵاتانی ئەندام بەیەکەوە هاودەنگبوون لەوەی کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بەرگری لەخۆی بکات، حەماسیش دەبێ "بەزووترین کات" بارمتەکان ئازاد بکات و نابێ سوود لە هاوکارییە مرۆییەکان وەربگرێت.