پەرلەمانتارێکی ئێران داوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئارمیتا گەراوەند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای تێپەربوونی 26 رۆژ بەسەر بێهۆشکەوتنی ئارمیتا گەڕاوەند، کە کچە کوردێکی تەمەن 16 ساڵانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پەرلەمانتارێکی ئێران دەڵێت، دەبێت پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و لەوبارەیەوە پرسیار ئاراستەی وەزیری ناوخۆی ئێران بکات.
 
ئەحمەد عەلیرەزابەیگی، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، پەرلەمانتاران دەبێ سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند کە لە مێترۆی تاران تەندروستی تێکچوو و لە نەخۆشخانە لە هۆش خۆی چووە، پرسیار ئاراستەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران بکەن.
 
ئەحمەد عەلیرەزابەیگی گوتی، "ئەرکی کومیسیۆنی کاروباری ناوخۆی وڵات و ئەنجوومەنەکانی پەرلەمانە کە لەبارەی رووداوەکەوە بێتە سەر خەت و پرسیار ئاراستەی وەزیری ناوخۆ بکەن، بەڵام پەرلەمان ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی پرۆژە بەرنامەی حەوتەمی تایبەت بە گەشەپێدانی وڵاتە."
 
عەلیرەزابەیگی بەڵێنی دا کە لە کاتێکی نزیکدا پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە دۆخی  کچە 16 ساڵانەکە بکات و رایگەیاند: "دەبێ بێینە سەر خەت و لە وەزیری ناوخۆ پرسیار بکەین. ئەو بابەتە گرینگە و پشت بە خوا لە کاتێکی نزیکدا کاری لەسەر دەکەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023 ئارمیتا گەڕاوەند لە کاتی سواربوونی لە مێترۆی تاران تەندروستیی تێکچوو. بەپێی قسەی بەرپرسانی میترۆ و راپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئارمیتا گەراوەند لەکاتی چوونە نێو کابینەی میترۆ بەدواوەدا دەکەوێت و سەری بەر شتێکی رەق دەکەوێت و بەو هۆیەوە تەندروستی تێکدەچێت، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری کەسانی نزیک لەو کچە قوتابییەوە بڵاویانکردووەتەوە، پۆلیسی رەوشتی تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە میترۆی تاران لەو کچە قوتابییەیان داوە و پاڵیان پێوە ناوە.
 
دوای تێکچوونی تەندروستی، ئارمیتا گەڕاوەند گواسترایەوە نەخۆشخانەی فەجری تاران، کە نەخۆشخانەیەکی سەربازییە.
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە، میدیاکانی نێوخۆی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، رێگەیان پێنادرێت سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە قوتابییە و قسە لەگەڵ پزیشک یان کەسوکاری بکرێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، ئاژانسی نیمچەفەرمیی تەسنیمی ئێران لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لەکارکەوتنی مێشکی ئارمیتا گەڕاوەند یەکلایی بووەتەوە کە لە میترۆی تاران تەندروستی تێکچووبوو.
 
ئارمیتا گەڕاوەند، خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵات کوردستانە کە لەگەڵ مالباتەکەی لە تاران دەژی، رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە لە مێترۆی تاران تەندروستی تێکچووە و بێ هۆش بووە و تائێستا بەهۆش خۆی نەهاتووە.