وەرزی دروێنەی مەرەزەیە؛ لە پیرەمەگروون بەهەرەوەز و بە دەم بەستەوە دروێنەی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

جووتیارانی گوندی چاڵاخن لە ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەهەرەوەز دروێنەی مەرەزەکەیان دەکەن. ساڵانە ئەگەر ئاسمان هەوری پڕ بارانبێت لەم گوندە نزیکەی 200 دۆنم زەوی دەکرێتە مەرەزە.
 
فەرەیدوون کەریم، موختاری گوندی چاڵاخ دەڵێت، "لە مانگی چواردا دەست بە کێڵانی زەوییەکانمان دەکەین، لە 20ی هەمان مانگدا تۆو دەچێنین، دواتر خزمەتی دەکەین تاوەکو مانگی 10، دواتر دەست بە دروێنە دەکەین. زۆرینەی کڕیارەکان خۆیان دێن لە نێو گوندەکە برنجەکەمان دەکڕن، ئەوانەشی ناسیاون داوای دەکەن و خۆمان بۆیان دەبەین، خواستێکی زۆریشی لەسەرە لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا هەمووی دەفرۆشین."
 
سابیر ئەحمەد، جووتیارە ودەڵێت: "برنج جۆری زۆرە، بەڵام ئەوەی لە گوندەکەمان دەچێندرێت زیاتر زەرد و سوور و شێکەیە."
 
بەرزان غەفوور، جووتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: "دەڕاسەکان بە پارە کارمان بۆ ناکەن، بەڵکو بەشی هەر تەنەکەیەک بنەتۆو کە دەکوتێت، سێ تەنەکە برنجی پێدەدەین." 
 
جووتیارەکان، کە نزیکەی 15 کەس دەبن لە بەیانییەکی زووەوە دەست بەکار دەکەن، بۆیە بۆ چێشتەنگاو بەدەم بەستە و گۆرانی و پێکەنینەوە پشووێکی کورت دەدەن.
 
دروێنەی مەرزە بەپێی زەوییەکە دەگۆڕێت، ئەگەر وشکبێت و مەرزەکە نەکەوتبێت، بە دەڕاسە دروێنە دەکرێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەبوو ئەوا بە داس دەدوورێتەوە.
 
بەختیار عەلی، جووتیار دەڵێت: "بەشێک لە مەرەزەکەمان بەهۆی باران و تەرزە و رەشەباوە کەوتوون، بۆیە ناچارین بە داس بیدوورینەوە، ئەگەر ئەوە نەبوایە بە دەڕاسە دەماندوورییەوە و ئاسانتربوو."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، لە ساڵی 2021دا 358 دۆنم زەوی بە مەرەزە چێندراوە، لە ساڵی 2022دا 556 دۆنم زەوی بووە، لە ساڵی 2023دا بەرزبووەتەوە بۆ 793 دۆنم واتە بووەتە زیاتر لە دوو هێندە، ئەمە جگە لەو دەیان دۆنم زەوییەی دیکە کە تۆمارنەکراوە.
 
بەرهەمی پێشبینیکراوی ئەم ساڵی مەرەزە، 360 بۆ 400 تۆن برنجە، کە نرخی هەر کیلۆیەکی بەپێی برنجی ناوچەکە دەگۆڕێت لە سێ هەزار دینارەوە تاوەکو پێنج هەزار دینار دەڕوات.