رووداو دیجیتاڵ
لە وڵاتانی بیانی و رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە یاریزانان هاتبوون بۆ بەشداریی کردن لە 10مین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە کۆتایی یاریزانانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوارییان نەدا بە یاریزانانی بیانی خەڵاتەکانی ماراسۆنەکە ببەنەوە.
مەحموود حەمەفەرەج تەمەنی 64 ساڵە یەکێکە لە پیاوە بە تەمەنەکان کە بەشداریی لە 10مین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد، ئەو رۆژانە دوو کاژێر وەرزش دەکات.
لەبارەی ماراسۆنەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "من هەموو رۆژ وەرزش دەکەم. نزیکەی 15 بۆ 20 ساڵ دەبێت بەو شێوەیە بەردەوامم، ئێستا رۆژانە کاژێر 06:00 بەیانیی بەبێ ئەوەی نان بخۆم دەڕۆم بۆ وەرزش کردن، لە باخچەکاندا رادەکەم، هەموو خەریکی خواردن و خەوتن، کوڕەکەم ساڵی 1991 لەدایک بووە ورگی گەورە بووە. پێی دەڵێم کوڕم نان کەم بخۆ وەرزش بکە، کاژێرێک رۆژانە پیاسە بکە، بەقسەم ناکات."
ئەم ساڵ زیاتر لە سێ هەزار و پێنجسەد کەس بەشدارییان لە ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد، کێبرکێکانی لە شەقامەکانی شەست مەتری و چل مەتری بەچاودێری سەدوپەنجا ناوبژیوان و چاودێر بەڕێوەچوو.
ئەڤین یاسین، بەشداربووەیەکی ماراسۆنەکەیە دەڵێت، "یەکەمین جارە لە ژیانم بەشداریی ماراسۆن بکەم. خۆشحاڵ بووم کە رێکوپێکی ماراسۆنەکە بەڕێوەچوو، من لە 12 کیلۆمەترییەکە رامکرد، خەڵک لە هەموو لایەکەوە هاوکاریی یەکدییان دەکرد."
بوشرا رەئوف، وەرزشوانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، توانی نازناوی راکردنی دوازدە کیلۆمەتری خانمان بباتەوە، حوسێن کەیهانی راکەری شاری کرماشان، میدالیای یەکەمی راکردنی دوازدە کیلۆمەتری ئاستی پیاوانی لە مل کرا.
بوشرا رەئوف، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لەبارەی ماراسۆنەکەوە و گوتی، "هەستێکی تایبەتە، هەموو ساڵێک دەتوانم بێمە ئەم بتووڵە گەورەیە، ئەم بتووڵانە لە وڵاتانی وەکو ئیمارات و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەڕێوەدەچێت، ئەوانەی ئەم بیرۆکەیەیان هێناوەتە هەولێر، زۆر تایبەتە، بۆیە خۆشحاڵم کە دەتوانم ساڵانە بەشداری بکەم و پلەی یەکەم بەدەستبهێنم."
لە راکردنی 42 کیلۆمەتر ئەبوبەکر تەڵەب یاریزانی شاری کەرکووک پاڵەوان بوو، لەسەر ئاستی کچانیش تەلیعە جەعفەر زادە کچە یاریزانی شاری ورمێ نازناوەکەی وەرگرت.
پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ لە ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر یاریزانان و باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان نەیانهێشت یاریزانانی بیانی ئەم ماراسۆنە ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ