داواکاری گشتیی ورمێ: لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە دەکەین کە سەگ پەلاماری دا

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی لە گەڕەکێکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە گیانی لەدەستدا، داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانە دەکەن، کە کەمتەرخەم بوون.
 
رۆژی هەینی، 27-10-2023، ناسر عەتەباتی، داوکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، فەرمانی بە داواکاریی گشتیی شاری ورمێ کردووە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە کە بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە گیانی لەدەستدا بکات.
 
ناسر عەتەباتی لە فەرمانەکەدا داوای لە داواکاری گشتیی شاری ورمێ کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و ورد لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵەکە بکات و ئەو بەرپرسانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان بوونەتە هۆکاری ئەو رووداوە دەستنیشان بکات و رووبەڕووی دادگەیان بکات.
 
داوکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەشێوەیەکی جدی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن و هەر کەس و بەرپرسێک بە کەمتەرخەم دابنرێت، بەپێی یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، لە گەڕەکی شاهیدی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەکەوێتە سەر رێگەی ئەنهەر، بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە منداڵێکی سێ ساڵان گیانی لەدەستدا.
 
ماوەیەکە ژمارەی سەگی بێلانە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە زیاد بوون کردووە، بەهۆیەوە چەندین رووداوی پەلاماردان و گەستن لەلایەن ئەو سەگانەوە هەبووە. هاووڵاتییانی شاری ورمێ داوا دەکەن، شارەوانی ئەو سەگانە لە شەڵتەرێکدا کۆبکاتەوە.