رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ یەکەم گەشتی راستەوخۆ بەرەو فڕۆکەخانەی کەرکووک کرا. کاژێر 10:30 بەکاتی تورکیا فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بە گەشتی ژمارە TK6890 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەنبوول بەڕێکەوت و کاژێر 13:00 لە فڕۆکەخانەی کەرکووک نیشتەوە.
لە مەراسیمی دەستپێکردنی یەکەم گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو فڕۆکەخانەدا، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی تورکیا و راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و پیاوانی کاری هەردوو وڵات ئامادە بوون.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کەسێک لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە قسە دەکات و شاشەی نێو فڕۆکەخانەی دەردەکەوێت. ئەو کەسە باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ یەکەم گەشت لە دەرەوە لە رێگەی فڕۆکەی هێڵی فڕۆکەوانیی تورکیش ئێرلاین بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک دەکرێت.
کەرکووک دەبێتە شەشەمین فڕۆکەخانە کە هێڵی ئاسمانیی تورکی گەشتی راستەوخۆ بۆ دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای هەولێر، سلێمانی، بەغدا، بەسرە و نەجەف.
بڕیارە هەمان فڕۆکە کاژێر 16:40 خولەک لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بەرەو فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بفڕێت.
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا کە تەنیا 10 خولەکی خایاند، دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. دوای رێوڕەسمەکە راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا هەندێک کاری تەکنیکی ماون بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکە بکەوێتە کار و دەست بە گواستنەوەی سەرنشین بکات، بەڵام لە یادی 16ی ئۆکتۆبەردا "بە پێویست زانرا ئەم دەسکەوتە مێژووییە پێشکێش بکرێت."
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 ئەیاد ئیبراهیم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "هەوڵێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق و پارێزگای کەرکووک و کۆمپانیای وەبەرهێنەرەوە دراوە بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە کە خزمەتی خەڵکانێکی زۆر لە پارێزگای کەرکووک و چوار پارێزگای دیکەی دراوسێ دەکات."
بەگوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، فڕۆکەخانەکە دەرفەتی کار بۆ 500 کەس لە دانیشتووانی کەرکووک دەڕەخسێنێت و لە کاتی کەوتنە سەرکاری فڕۆکەخانەکە، ژمارەکە زیاتریش دەبێت.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، چونکە پێشتریش سەرۆکوەزیران داوای لە من کرد و پێمگوت، ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی و گەندەڵی تێدا کراوە."
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "ئەو فڕۆکەخانەیە لەڕووی هونەرییەوە ئامادە نییە. کەرکووک مافی خۆیەتی لەپێش هەموو پارێزگاکانی دیکەوە ببێتە خاوەنی فڕۆکەخانە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک کە گەندەڵی تێدانەکرابێت و بەپێی دەستوور دامەزرابێت و گرفتی تەکنیکیشی نەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ