ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی یەکێتی رەتدەکاتەوە

27-10-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی راگەیێندراوەکەی یەکێتی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵێک بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان لەژێر هەر فشارێکدا رەتدەکەینەوە.
 
پێشتر گوتەبێژێک بەناو ئەنجوومەنی ئاسایشەوە رایگەیاندبوو کە ئەندامانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی سێ گرووپ نین.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2020، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "تەنیا ئەو راگەیێندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە رای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر شتێکی دیکە لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی رای فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا وەڵامی راگەیێندراوەکەی تیمی یەکێتی دراوەتەوە و تێیدا هاتووە "هەموو هەوڵێک بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان لە ژێر هەر فشارێکدا بێت رەتدەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوە و رێگەگرتن لە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا هەیە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
 
رۆژی 25-10-2020 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گرووپی راگەیاند کە : گرووپێکیان "پەکەکە"ن و پیلانی هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو. گرووپێکی دیکەش هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنەسەر چەند دامودەزگایەکیان داوە، گرووپەکەی دیکەش بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
 
روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
 
تەنیا ئەو ڕاگەیاندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە.
 
هەموو هەوڵێکیش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان ، لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەت دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوە و ڕێگەگرتن لە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا هەیە ، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە