لێدوانەکانی ماکرۆن لەبارەی ئیسلامی تووندئاژۆ و کاردانەوەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەو مانگەدا دوو جار لەبارەی ئیسلام و تووندئاژۆیی ئیسلامیی قسەیکرد و قسەکانی بوونە جێگەی مشتومڕ و کاردانەوە لە جیهان بەگشتیی و وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی. لە هەرێمی کوردستانیش کاردانەوەکان زۆر بوون. 
 
لە هەرێمی کوردستان حیزبە ئیسلامییەکان بە بەیاننامەی فەرمی هەڵوێستیان لەبارەی قسەکانی ماکرۆن وەرگرت، لە بەیاننامەکانیاندا ئاماژەیان بۆ هەندێک دەستەواژە کردووە، کە لە نێوەڕۆکی وتارەکانی ماکرۆندا نین، بۆیە رەنج سەنگاوی دیبەیتێکی تایبەتی لەبارەی قسەکانی ماکرۆن و کاردانەوەکان لەگەڵ نوێنەری لایەنە ئیسلامییەکان و چەند لێکۆڵینڤانێک سازکرد.
 
دیبەیتەکە ماوەی دوو کاژێری خایاند و شەوی سێشەممە 27-10-2020 لە تەلەفزیۆنی رووداو بەشێوەی راستەوخۆ پەخش بوو. میوانەکانی بریتیبوون لە: د. عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، د. محەممەد هاودیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی، شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی. هەروەها رابەر تەڵعەت - لێکۆڵینڤان ، د. عادل باخەوان، سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەنستیوتی فەرەنسی و مامەند رۆژە لێکۆڵینڤان.
 
ماكرۆن وتاری یەكەمی رۆژی 2ی ئوكتۆبەری 2020 پێشكێشكرد، لە شارۆچكەی لێ میغۆ (les Mureaux) كە 40 كیلۆمەتر دووری شاری پاریسە. كە شوێنی نیشتەجێبوونی زۆر لە ئیسلامییە پەڕگیرەكانە و زۆرترین چەكدارە داعشییەكانی فەرەنسا لەو شارۆچكەیە ژیاون. هەروەها وتاری دووەمی رۆژی 21ی ئوكتۆبەر لەكاتی رێزگرتن لە مامۆستای سەربڕدراو ساموێل پاتی لە زانكۆی سۆربۆن لە پاریس پێشكێشكرد.
 
گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی چیچانی کە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە فەرەنسا، رۆژی 16ی ئەو مانگە سەری ساموێل پاتی بڕی و وێنەکەیشی بڵاوکردەوە، چونکە ئەو مامۆستایە لەنێو پۆل دا بۆ گوتنەوەی وانە لەسەر بنەماکانی کۆماری فەرەنسا وێنەی ئەو کاریکاتێرانەی نیشانی خوێندکارەکانی دا کە چەند ساڵ پێشتر لەلایەن گۆڤاری (چارلی هیبدۆ) لەسەر پێخەمبەری ئیسلام بڵاویکردنەوە و بووە هۆی ناڕەزایی و تووڕەیی موسڵمانان و دواتریش داعش هێرشیکردە سەر گۆڤارەکە لە پاریس. ئەو گەنجە چیچانییە خوێندكار نەبووە لەو قوتابخانەیە، بەڵام دوو كەس بەرامبەر وەرگرتنی 300 یۆرۆ مامۆستاكەیان پێ نیشانداوە. ئەو گەنجە چیچانییە تەمەن 18 ساڵە لەکاتی راکردنی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراو دوای ئەوە پۆلیس 11 کەسی دیکەیشی لەسەر کوشتنی ئەو مامۆستایە دەستگیرکردن.
 
"ماکرۆن دژایەتی بۆ کاریکاتێرەکان دەرنەبڕیوە"
 
عەبدوڵلا وەرتی، هەر لە سەرەتای دیبەیتەکەدا فەرەنسای بەوە تۆمەتبارکرد، کە ماوەیەکە ئەو وڵاتە "پرۆژەیەکی بەدەستەوەیە بۆ دژایەتی پارت و رێکخراوە ئیسلامییەکان". بەگوتەی وەرتی "ماکرۆن خۆی گوتوویەتی بەرەنگاری موسڵمانی تووندئاژۆ دەبینەوە".
 
بزووتنەوەی ئیسلامی هاوشانی دوو حیزبە ئیسلامییەکەی دیکەی باشووری کوردستان (کۆمەڵ و یەکگرتوو) سەرکۆنەی قسەکانی ماکرۆنیان کردووە. عەبدوڵڵا وەرتی دەڵێت "ئەوان سووکایەتییان کردووە و کاریکاتێری پێخەمبەری ئیسلامیان دروستکردووە.
 
ماکرۆن پرۆژەیاسای هەیە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەو تەشەنەسەندنی ئیسلام، ئێستا فەرەنسا بووەتە ناوەندێک بۆئەوەی لێیەوە دژایەتی ئیسلام بکرێت".
 
هەرچەندە هیچکام لە نوێنەری لایەنە ئیسلامییەکان ئەوەیان نەسەلماند کە خودی ماکرۆن پاڵپشتیی دروستکردنی کاریکاتێرەکانی پێخەمبەری ئیسلامی کردبێت، بەڵام نیگەرانیی ئەوان لەوەیە، کە "لە فەرەنسا ئەو هەموو کاریکاتێرە بە ئاشکرا دروستدەکات، بەڵام ماکرۆن نەهاتووە رایانبگرێت و دژایەتییان بکات".
 
لە ئاینی ئیسلامدا رێگەپێدراو نییە وێنەی پێخەمبەر دروستبکرێت، بەڵام عەبدوڵڵا وەرتی دەڵێت "لە فەرەنسا لەسەر باڵەخانەی بەرز کاریکاتێرەکان هەڵواسراون".
 
عادل باخەوان: فەرەنسا پێویستی بەوە نییە بە کاریکاتێر بیسەلمێنێ ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتەدا هەیە
 
د. عادل باخەوان، کە مامۆستایە لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس و هەر لەوێوە بەشداریی بەرنامەکەی کرد، ئاماژەی بۆئەوە کرد ، کە وەک چۆن ماکرۆن دەیەوێت راستییەکان بڵێت، لایەنی دیکەش هەن راستییەکان بەکاردەهێنن. ئەو باسی لە سێ راستی کرد لەو بابەتەی ئێستا دوو بەرەی جیاوازی دروستکردووە و روونیکردەوە؛ "یەکەم، مامۆستایەک سەربڕدراوە. دووەم، موقەدەسێک سووکایەتی پێکراوە، سێیەم کۆمەڵێک ئەکتەری سیاسی کە هەردوو بابەتەکە دەخەنە بەرژەوەندیی خۆیان".
 
عادل باخەوان لەسەر کرۆکی بابەتەکە وەستا و گوتی "ئێمە خەریکە بیرمان دەچێتەوە مرۆڤێک سەربڕاوە، کە پێخەمبەری ئیسلام خۆی دەڵێت کوشتنی مرۆڤێک، بەبێ ئەوەی دەستنیشانی ئایین و رەگەزی بکات، لە رووخاندنی کەعبە خراپترە". 
 
ئەو مامۆستا کوردەی زانکۆی سۆربۆن، بە گفتوگۆی نێوان خۆی و رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی وەڵامی قسەکانی عەبدوڵڵا وەرتیی دایەوە و گوتی "لەگەڵ رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوام دیالۆگمان هەیە، ئەو بەهەموو شێوەیەک تیرۆر و تۆقاندن رەتدەکاتەوە".
 
عادل باخەوان رەخنەشی هەبوو لە دروستکردنی کاریکاتێری پێخەمبەری ئیسلام و گوتی "من لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی فەرەنساش گوتوومە، کە دروستکردنی کاریکاتێر کەشوهەوای گفتوگۆکردن لەگەڵ موسڵمانان خۆش ناکات، فەرەنساش پێویستی بەوە نییە کە بە کاریکاتێر بیسەلمێنێ ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتەدا هەیە".
 
لەو بەشەی قسەکانیدا عادل باخەوان رایگەیاند، "ئیسلام و ئیسلامیزم نابێت تێکەڵ بکرێن، 90%ی کورد موسڵمانن، بەڵام 17%یان دەنگ نادەنە حیزبە ئیسلامییەکان، بۆیە شکستی حیزبە ئیسلامییەکان شکستی ئیسلام نییە. فەرەنسا دەیەوێت ئەو دوو شتە لێکدی جیابکاتەوە، دەبێت حیزبە ئیسلامییەکانیش ئەوە جیابکەنەوە".
 
د. محەممەد هاودیانی یەکێک لەو میوانانە بوو، کە زۆر تووند بوو لەسەر قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد، کە هەموو موسڵمانان پەڕگیریی ئیسلامییان رەتکردووەتەوە و "ئێمەش رەتمانکردووەتەوە، بەڵام کێشەی فەرەنسا تەنیا سەربڕینی ئەو مامۆستایە نییە، پەیوەندیی بە سەرۆکی فەرەنساوە هەیە".
 
"ماکرۆن بە هیچ شێوەیەک باسی پێخەمبەری ئیسلامی نەکردووە"
 
هاودیانی دەڵێت "ماکرۆن پاڵپشتیی کاریکاتێرەکانی پێخەمبەری کردووە". بەڵام عادل باخەوان ئەوەی رەتکردەوە و گوتی "ماکرۆن بەهیچ شێوەیەک ناوی پێخەمبەری ئیسلامی نەهێناوە لە یەکەم گوتارییەوە تاوەکو ئەمڕۆ وشەی پێخەمبەری ئیسلامی نەگوتووە، ناوی کاریکاتێرێشی نەهێناوە، کارێکاتێرەکەش هەڵەیەکە ماکرۆن نەیکردووەو خەڵکی دیکە کردوویەتی". گوتیشی "ماکرۆن دەڵێ ئیسلام دەبێ ریفۆرم بکرێت، کە ئەوە کاری ئەو نییە و نەدەبوو ئەو قسەیە بکات".
 
مامەند رۆژە، لێکۆڵینڤان لە پاریسەوە میوانێکی دیکەی دیبەیتەکەی رەنج سەنگاوی بوو. ئەو پێیوایە ئەو جموجووڵەی دوای رووداوی سەربڕینی مامۆستاکە دروستبوو "دژی موسڵمانان نییە". دەشڵێت "پەرچەکرداری موسڵمانان تێکەڵ بە زۆر شتی سیاسی کراوە. قەیرانی جیهانی ئیسلامی گەورەترە لە کاریکاتێر کە سەرکردە و دەوڵەتە ئیسلامییەکان توانای چارەسەرکردنیان نییە، بۆیە ئەوەندە ئەو بابەتەش گەورە دەکەن".
 
رەنج سەنگاوی پرسیاری لە محەممەد هاودیانی کرد، ئایا یەکگرتوو کە حیزبێکی میانڕەوە ، سەرکۆنەی سەربڕینی مامۆستاکەی کردووە؟، هاودیانی گوتی "ئێمە لە پێڕەو و پرۆگرامدا سەرکۆنەی هەموو تووندوتیژییەکمان کردووە". 
 
مامەند رۆژە، کە خۆی ماوەیەکە لە پاریس دەژی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە لە فەرەنسا کەمترین هێرش بۆ سەر موسڵمان هەیە و هەموو ئاسانکارییەک بۆ رێوڕەسمە ئاینییەکانیان هەیە، ئەو قسەیەش پێچەوانەی بۆچوونی لایەنە ئیسلامییەکان بوو کە دەیانگوت "فەرەنسا رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام دەکات". 
 
عادل باخەوانیش بۆ پشتگیریی قسەکانی مامەند رۆژە رایگەیاند، "نزیکەی دوو هەزار فەرەنسی چوونەتە نێو داعش، ئیسلام ئایینی دووەمە لە فەرەنسا دوای کاسۆلیکەکان، بەڵام چەند ئیسلام فراوان ببێت، ئەوەندەش ئیسلامۆفۆبیا فراوان دەبێت". بەڵام ئەوەی رەتکردەوە کە میوانەکانی دیکەی بەرنامەکە گوتیان لە فەرەنسا رێگە لە باڵاپۆشی دەگیرێت، کە عەبدوڵڵا وەرتێ وای گوت. باخەوان دەڵێت "هیچ یاسایەک لە فەرەنسا نییە رێگریی لە باڵاپۆشی بکات، لە کۆمەڵگەدا ئیسلامۆفۆبیا هەیە، هەروەکو کریستیانۆفۆبیا و جودافۆبیا هەیە، ئەوەش بەپێی یاسا نییە و بابەتێکی کۆمەڵگەییە".
 
شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی، باسی لە قسەیەکی پێشووتری ئیمانوێل ماکرۆن کرد، کە گوتبووی "ئیسلام لە قەیراندایە". ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ دەڵێت "ئەم قسەیەی ماکرۆن بووە مایەی نیگەرانیی موسڵمانان، ئەگەر بیگوتایە ئیسلامی و حیزبە ئیسلامییەکان لە قەیراندان لێی قبووڵ دەکرا، بەڵام وەکو دەقی ئیسلام و سوننە لێی قبووڵناکرێ". سەبارەت بەو قسەیەی دیکەی کە ماکرۆن دەڵێ "ئیسلام پێویستی بە ریفۆرمە" دەڵێت "ئەو ناتوانێت وا بڵێت، چونکە دەقەکانی ئیسلام نەگۆڕ و بڕاوەن".
 
"دەوڵەتانی ئیسلامی لە قەیراندان و چارەسەریشیان پێ نییە"
 
رابەر تەڵعەت، لێکۆڵینڤان میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، بەهەمانشێوە لەگەڵ ئەو قسەیەی ماکرۆندا نییە، کە باسی ریفۆرمی ئیسلام دەکات و دەڵێت "جیهانی ئیسلامی لە قەیراندایە، نەک وەک ئەوەی ماکرۆن دەڵێت ئیسلام لە قەیراندایە. چونکە ئەو هەموو کێشەیە لەناو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی روودەدات دواجار پەنا دەبەنەوە بۆ فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپی. ماکرۆنیش بۆی نییە داوای ریفرۆرمی ئیسلام بکات و ئەوە ئیشی دەوڵەتانی ئیسلامییە، هاوکات کاری وڵاتانی ئیسلامییش نییە دەستوەردان لە سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی فەرەنسادا بکەن".