کەجەکە: دەستگیرکردنی گرووپێکی سەر بە ئێمە دوورە لە راستییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە لە راگەیێندراوێکدا رەتیدەکاتەوە هیچ گرووپێکی سەر بە کەجەکە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی گرووپێکی سەر بە پەکەکەی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات "گەریلا لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ کات بەدەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لەپێناویدا گیانیان بەخت کردووە، لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان".
 
کەجەکە ئەو هەواڵە بە "بێ بنەما" ناودەبات کە باس لە دەستگیرکردنی گرووپێکی سەر بە تەڤگەرەکەیان دەکات و دەڵێت "ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکار و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕیی میت دروستکراون و ئامانجەکەی ئەوەیە زەمینە ئامادە بکات بۆ رەوایەتیدان بە هێرش بۆسەر تەڤگەرەکەمان".
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە "رای گشتیی گەلی کوردستان ئەوە باش دەزانێت کە لە کاتی تەنگانەدا و لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەبوونی گەلی کورد لە باشوور، کێ باشووری پاراست، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان پاراستنی هەبوون، ئازادی، ئارامی و ئاسایشی گەلی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و بەکرێگیراوانیدا بە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین".
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 27-10-2020 راگەیێندراوێکی وەک وەڵامدانەوەی پەکەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند "لە دوایین لێدوانەكانیاندا (پەکەکە) نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و ئاوەژووكردنی راستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە راستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان".
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتیدا هاتووە "پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان".
 
پێشتریش موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ئەمڕۆ هۆشداری دا، كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگە لە هاتووچۆی گەریلاكانیان دەگرێت و "لەوانەیە شەڕ رووبدات"، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێت "بە ئاشكرا بانگ دەكەم و دەڵێم دەمەوێت رێگە لەشەڕ بگرم". 
 
بەپێی قسەكانی قەرەیلان كە لەلایەن دەزگا میدیاییەكانی سەر بە پەكەكە بڵاوكراوەتەوە "هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکەن. ئەگەری چاودێری و زانیاریی ورد و جددیمان سەبارەت بەم دۆخە نەبووایە... وامان نەدەگوت".