رووداو - سلێمانی
لە پێنجەمین فیستیڤاڵى هەنگوین لە سلێمانى زیاتر لە 30 هەنگەوان تێیدا بەشدارن، نموونەى ئەو بەرهەمەیان نیشاندا کە بە شیلەى گوڵى کوێستان و ناوچە شاخاوییەکانى کوردستان بەرهەمهاتوون، ئەمساڵ بەرهەمى هەنگ کەمبوو، سیروان ماوەتى، رێکخەرى فیستیڤاڵەکە هۆکارەکەی بۆ تۆپبارانی هەندێک ناوچەى سنووریى و سووتانى بەشێک لە رەز و باخ، کەمى کشتوکاڵ، نەبوونى گوڵ و کەمیی بارانبارین گێڕایەوە.
بەپێى ئامارى وەزارەتى کشتوکاڵى کوردستان، زیاتر لە 15 هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن، ساڵانە نزیکەى 500 تۆن هەنگوینیان هەیە، ئەمساڵ کۆرۆنا و کەرەنتینە دەرفەتى بە هەنگەکان دا بەهۆى دوورەپەرێزیی خەڵکەوە کوالێتیى بەرهەمەکەیان باشتربێت.
هەنگەوانێک بەناوی ئاکار حەمید دەڵێت "لەم رێگەیەى وەکو ئەمڕۆوە دەتوانین هەنگوین لە دەستى یەکەوە بگات بە دەستى دوو و خەڵک دڵنیابێت لە جۆرەکەى". هەنگەوانێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم مەجید ئاماژە بەوە دەکات "هەنگوینى شاخى چەند هەنگەوانێکم کۆکردووەتەوە وەکو نموونە، بۆئەوەى پیشانى خەڵکى بدەم لێرە". ئەکرەم سیامێوەیی هەنگەوانیش دەڵێت "هەنگوینى بزن و مەڕ هەر جیاوازییەکەى ئەوەیە کە بزن هارە و مەڕ فەقیرە، وەکو تام جیاوازییان نییە".
حەوت ساڵە لەسەریەک، هەنگوینى کوردستان لە پێشبڕکێى هەنگوینى وڵاتانى عەرەبى، پلەى یەکەم بەدەستدەهێنێت.
حاجى محەممەد ئیسماعیلئاوایی، هەنگەوان گوتی "دوو شتم لە حکومەت دەوێت، یەک شوێنى جێگیرمان بۆ دابینبکات بۆئەوەى بازاڕ و کڕیارانمان دیاربن، دووەم لیژنەیەک پێکبێت بۆئەوەى دەریبخات کێ هەنگەوانە و کێش لێی نازانێت".
تاوەکو ئێستا لە هەرێمى کوردستان، تاقیگەیەکى پێشکەوتوو نییە، بۆ دەرخستنى جۆرى باش و خراپى هەنگوین، ئەوەى هەیە شارەزایى هەنگەوانان و تام و چێژەکەیەتى لاى ئەوانەى دەیکڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ