تیمی یەکێتی: بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژێک بەناو ئەنجوومەنی ئاسایشەوە رایگەیاند کە ئەندامانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی سێ گرووپ نین.
 
رۆژی 25-10-2020 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گرووپی راگەیاند کە : گرووپێکیان "پەکەکە"ن و پیلانی هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو. گرووپێکی دیکەش هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنەسەر چەند دامودەزگایەکیان داوە، گرووپەکەی دیکەش بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
 
گوتەبێژێک بەناو ئەنجوومەنی ئاسایش لەو بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه‌ له پێنج ئە‌ندامی سه‌ره‌كی كه‌ بریتین له‌‌ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری، سه‌رۆكی ده‌زگای پاراستن، و سه‌رۆكی هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه‌. له‌م پێنج ئە‌ندامه‌، سێ ئە‌ندامیان له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن و ته‌نها دوو ئە‌ندامیان پارتین".
 
گوتەبێژەکە دەڵێت: "دوای پرسیاركردن له‌ هه‌ر سێ ئە‌ندامه‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتی له‌ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێم، ده‌ركه‌وت كه‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپه‌راسیۆنی له‌م جۆره‌ نین كه‌ رۆژی 26-10-2020 له‌ رێی به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌". 
 
هەر بەپێی روونکردنەوەکە "ئە‌ندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش له‌ پشكی یه‌كێتی، ئە‌م به‌یاننامه‌یه‌‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ هه‌ندی وه‌رناگرن و نایسه‌لمێنن، چونكه‌ ئاگاداری رووداوی له‌و جۆره‌ نین كه‌ له‌ هه‌رێم روویدابێت، رێگه‌ش ناده‌ن به‌ناوی ئەنجوومەنێكه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراو بڵاوبكرێته‌وه‌ كه‌ پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی، ئە‌ندامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ پرسوڕایان پێنه‌كرابێت".