پۆلیسی سلێمانی سێ تۆماتبار رادەستی پۆلیسی هەولێر دەکاتەوە
رووداو- سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی سێ کەس دەستگیردەکات تۆمەتبارن بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی بە کاری تەڕدەستی و جادووگەری و پێشتر لە پارێزگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو.
سەرکەوت ئەحمەد، گووتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی رابردوو پۆلیسی نەهێشنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سێ تۆمەتباری بەڕەگەز ئێرانییان دەستگیرکرد، کە پێشتر لە پارێزگای هەولێر سکالایان لەسەر تۆمارکرابوو، لەژێر ناوی کاری تەڕدەستی (سیحر و جادوو) بەفێڵ پارەیان لەهاووڵاتیان وەرگرتبوو".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد "تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، لەبەرئەوەی سکاڵاکان لە هەولێرەوە لەسەریان تۆمارکرابوون بۆیە بڕیارمان داوە تۆمەتبارەکان رادەستی پۆلیسی هەولێر بکەینەوە و رێکاری یاسایی لەگەڵیان دەگیرێتە بەر".
لە چالاکییەکی دیکەشدا، پۆلیسی سلێمانی دوای تۆمارکردنی سکاڵای هاوڵاتییەک کە لەیەکێک لەپرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەشاری سلێمانی کە ئامێرێکی روپێوی لێدزرابوو، مەفرەزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستیپێکرد و تواندرا کەسێک بەتۆمەتی بردنی ئامێرەکە دەستگیربکرێت.
هاوکات مەفرەزەکانی پۆلیس توانیویانە دەستبگرن بەسەر ئامێرەکەدا کە نرخەکەی دەگاتە 15 هەزار دۆلار.