لە کەرکووک شەش چەکداری داعش بە بۆردوومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان کوژران
رووداو - کەرکووک
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە شەش چەکداری داعش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە لەنزیک کەرکووک کرانە ئامانج.
بۆردوومانەکە لەناوچەی ساڵەیی نزیک گوندەکانی شانشین، کەڵوور و بنار بووە، پاشماوەی بەجێماوی چەکدارەکان، خواردن و خواردنەوە و مۆبایل و جلوبەرگ و شیرنەمەنییەکی لە شوێنەکە جێماون، دوای ئەوەی فڕۆکەکان لێیانداون ئیدی ئەمانەش تێکەڵ بەخوێنی رژاوی چەکدارەکان بووە.
سێ گوندی ناوچەی ساڵەیی و نزیک لە بەرزاییەکانی کانی دۆمەڵان پێش چەند رۆژێک لەم رووداوە بەهۆی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش چۆڵکران، خەڵکی گوندەکان و بەتایبەت ئەوانەی چەند سەد مەترێک لەنزیک بۆردوومانەکەوە بوون، ترس دایگرتوون و هێشتا هەست بەئارامی ناکەن،
هەر بەو هۆیە نایانەوێت لەپێش کامێرا دەربکەون.
شایەدحاڵێکی بۆردوومانەکە دەڵێت " بۆردوومانەکە لە کاژێر 11:09 خولەک تاوەکو سێ کاژێر بەردەوام بوو، ناو بەناو لەسەر رێگەکەشەوە تەقەیان لێدەکرا، پێدەچوو هێزەکان بووبن، من خۆم هیچ شەوێک ناخەوم لەبەر ئەوە".
لە گوندەکانی سنووری ساڵەیی ناوچەیەکی کوردنشینی پارێزگای کەرکووک، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە جموجۆڵی داعش لە سنوورەکە زۆربووە.
رووداو زانیویەتی پێش ئەم بۆردوومانە شوانکارەیەک لە نەتەوەی عەرەب لەو شوێنە دەستگیرکراوە و زانیاری لەسەر گرووپەکەش هەر لەوەوە دراوەتە هێزە ئەمنییەکان.
لەبارەی بۆردوومانەکانەوە لیوا سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بەیاننامەیەکی بڵاوکردووە و رایگەیاند "پێش هەفتەیەک زانیاری وردی هەواڵگریان لەسەر ئەو چەکدارانە کۆکردبووە و لەو بۆردوومانەشدا ئامانجەکەیان بەتەواوی پێکاوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری سەر بەداعش کوژراون".