لیستى بەربژێرانى گۆڕان لە هەولێر دوو ژمارەى کەمە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو ژمارەى ریزبەندى بەربژێرانى لیستى گۆڕان لە هەولێر بەتاڵە، یەکێکیان سەرۆک لیست بووە و دوورخراوەتەوە، ئەوى دیکەیان خۆى کشاوەتەوە و جێگەى هیچیان پڕ نەکراوەتەوە.
 
بە گوێرەى ئەو لیستى بەربژێرانەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە بازنەى هەولێر لیستى گۆڕان دوو ژمارەى ریزبەندى بەربژێرانى تێدا نییە، کە ژمارە 2 و 12 ن، ئەگەرچى ریزبەندییەکە تاوەکو ژمارە 13 رۆیشتووە، بەڵام 11 بەربژێریان ماوەتەوە. 
 
کارزان گەردى، رێگەپێدراوى یاسایی لیستى گۆران لە هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: یەکێک لەو بەربژێرانە بەهۆى ئەوەى خەڵکى ناوچەکانى مادەى 140 بووە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رەتکراوەتەوە، ئەوى دیکەیان بەربژێرێکى ژن بووە بەهۆکارى تەندروستى خۆى کشاوەتەوە.
 
ژمارە دووى لیستى گۆڕان لە هەولێر جێگەى بەتاڵى سەفین مەلا قەرە بووە، کە بەر لە رەتکردنەوەى ژمارە یەک و سەرۆکى لیستەکە بووە، بەربژێر بوونى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رەتکراوەتەوە بە هۆى ئەوەى کە خەڵکى ناحیەى مەلاقەرەى سەر بە قەزاى مەخموورە کە ناوچەیەکى کوردستانى سنوورى پارێزگاى نەینەوایە. 
 
هێمن شێخانى، سەرۆکى لیستى گۆڕان لە هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کاتێک کۆمیسیۆن سەرۆکى لیستەکەیانى رەتکردووەتەوە، ئەو بووە بە سەرۆکى لیست و بەربژێرى جێگرەوە بۆ بەربژێرە رەتکراوەکە دانەنراوە.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، هەر بەربژێرێک رەتبکەنەوە سێ رۆژ  وەک دەرفەت دەدرێتە لیستەکەى بۆ ئەوەى جێگرەوەى بۆ دابنێت. 
    
هێمن شێخانى گوتى: "لەنێو بەربژێرەکاندا هەڵبژاردن کرا بۆ ئەوەى سەرۆک لیست دیاری بکرێت، من و کاک عەبدولسەلام دەنگەکانمان یەکسان بوو، دواتر بە تیروپشک من بوومە سەرۆک لیست" .       
 
136 لیست و1911 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
 
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستى پێکردووە و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، رۆژى 18ى هەمان مانگ دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ى ئەیلوول دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.