دەریاچەی ماسی لە ئاگری مەترسیی وشکبوونی لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەریاچەی ماسی لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان مەترسیی وشکبوونی لەسەرە. 
 
ئەو دەریاچەیە کە بە دەریاچەی ماسی ناسراوە، لە رووی بەرزیی لەسەر ئاستی رووی دەریا، گەورەترین گۆلی سرووشتییە لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان. تێکڕای قووڵییەکەی 70 مەتر دەبێت، لە هەندێک شوێن دەگاتە 100 مەتر.
 
ئێستا مەترسی وشکبوونی ئەو دەریاچەیە هەیە. شارەزایان دەڵێن، پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە.
 
فاروق کایا، مامۆستا لە زانکۆی ئاگری دەڵێت: "لە 10 ساڵی رابردوو دا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەهەڵمبوونی زۆرەوە، ئاستی ئاوی دەریاچەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. هەرچەندە ئەم ساڵ زیاتر لە پارساڵ باران باریوە، بەڵام دەبینین ئاستی ئاوی دەریاچەکە زۆر دابەزیوە. هاوکات لەگەڵ کاریگەرییە سرووشتییەکان، کاریگەریی کردەی مرۆڤیش لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی هەیە". 
 
سەرچاوەکانی دەریاچەی ماسی بریتین لە ئاوی ژێر زەوی و بیر و رووبارەکانی شارۆچکەکە. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی نەبارینی بەفر، ئاوی ئەو سەرچاوانەش کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەریاچەکە کردووە. 
 
لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو، ژینگەی شارۆچکەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن دابەزینی ئاستی ئاوەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
 
یەعقوب بیرلیک، خاوەنی سەنتەری پێشوازی گەشتیاران دەڵێت: "ئاوی خواردنەوەی بازید لێرەوە دەڕوات. بازید گەشە دەکات و پێویستی بە ئاوی زیاد دەبێت. لەو شوێنانەی دەریاچەکەدا، کە پێشتر بە بەلەم دەگەڕاین، ئێستا ناتوانین بگەڕێین، چونکە ئاوەکە پاشەکشەی کردووە، لە بەشێکی زۆریدا گژوگیا شین بووە".
 
ئاوی گوندەکانی دەوروبەر و شارۆچکەی بازید کە 54 کیلۆمەتر لێرەوە دوورە، لەم دەریاچەیەوە دابین دەکرێت.
 
شارەزایانی ناوچەکە دەڵێن، هیچ کۆنتڕۆڵێک لەسەر بەکارهێنانی ئەو ئاوە نییە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەریاچەی ماسی دروست دەکات، دەبێت سەرچاوەی نوێ بۆ ئاوی بازید بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دەریاچەکە وشک نەبێت.