دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە و بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دانیشتووانی شارەکە بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن. پڕۆژەکە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە راگیراوە. ئەوە لەکاتێکدایە دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە. 
 
دەربەندیخان بە شاری دوو بەنداو  ناسراوە، بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دێوانەش هەر لە دەربەندیخان پێنجەم گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و توانی گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. 
 
سەرەڕای هەبوونی دوو بەنداو، هاونیشتمانییانی دەربەندیخان بۆ دەستکەوتنی چەند دەبەیەک ئاوی خواردنەوە لە کانی و کارێزەکان نۆرە دەگرن.
 
ئامینە قادر، 70 ساڵی تەمەنی لە دەربەدیخان بەسەر بردووە، زیاتر لە 30 ساڵە لە دەربەندیخان لە کانیاو و کارێزەکان ئاوی دەهێنا. ئێستا کە تەمەنی هەڵکشاوە، میوانەکانی لەگەڵ خۆیان ئاوی بۆ دەهێنن. 
 
ئامینە قادر دەڵێت: "ئاوی خواردنەوەمان بەکەڵک نایەت. پیسە، بۆنی لێدێت. خراپە. هەمووانی تووشی شێرپەنجە کردووە. هەمووی تووشی نەخۆشیی کردووە. من کە میوانێکم بۆ دێت، لە جیاتی ئەوەی ئاوی بدەمێ، پێی دەڵێم ئاوم بۆ بێنن. خەڵکی لە دەرەدۆین و ئیمام حەمە ئاو دەهێنن." 
 
عەلی محەممەد، خانەشینێکی خەڵکی دەربەندیخان. لە هەفتەیەکدا زیاتر لە دوو جار دەڕوات بۆ کانیی ئیمام حەمەد. نزیکەی10 دەبە ئاو پڕدەکات و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ خواردنەوە بەکاری دەهێنێت.
 
ئەو خانەنشینە دەڵێت: "لە دەربەندیخان ئاوی خواردنەوەمان نییە. بەشێکی خەڵکی لەم کارێزانە ئاویان دەستدەکەوێت. هەیە لە بیری ئیرتیوازی دەستیدەکەوێت. هەیە دەڕوا بەملا و ئەولا ئاو دەهێنێت. بەشێکی فیلتەری هەیە. ئەمە دۆخی دەربەندیخانە بۆ ئاو."  
 
دوای زیاتر لە ساڵێکە بڕیاری دووبارە کارکردن بۆ پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەرچووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، هێشتا کۆمپانیا دەستی بەکارکردن نەکردووە. 
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: "سەرجەم رێکارە ئیدارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، چی لە رەزامەندیی بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بە تایبەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری، سەرجەم رێکارەکان و شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیای ناوبراو تەواوبووە. ئێستا رەوانەی بانکی سلێمانی کراوە بە مەبەستی دابینکردنی بودجە و تەنیا لەسەر بودجە ماوەتەوە."  
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان لە ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دروستکردنی پاڵاوگەیەک کە دەبوو لەماوەی 365 رۆژ دا تەواو بێت، بەڵام تائێستا تەواو نەکراوە. 
 
پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە دووبەشی سەرەکی پیکدێت؛ بەشی وەرگرتن و بەشی پاڵاوتن، لە کاتی تەواوکردنی پڕۆژەکە ئەگەر رۆژانە 20 کاژێر کار بە پاڵاوگەکە بکرێت، 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە بەرهەمدەهێنێت. لە کاتێکدا دەربەندیخان رۆژەنە پێوستی 13 هەزار مەتر سێجا ئاوە.