شارێکی ئامەد بۆ بوون بە پارێزگا بەربژێرە

 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی ئاماری تورکیا لیستی ئەو شارانەی نوێ کردەوە کە بەربژێرن ببنە پارێزگا. شارێکی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان زیاد کراوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی مانگی ئەیلوولی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لیستی ئەو شارانەی بەربژێرن بکرێنە پارێزگا بۆ 24 شار بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 8 شار لە باکووری کوردستان هەن.
 
بەگوێرەی یاسای کارگێریی پارێزگاکانی تورکیا، دەکرێت شارێک بە دوو مەرج ببێتە پارێزگا. یەکەمیان، ژمارەی دانیشتووانی لە سەرووی 100 هەزار کەس بێت. دووەمیان، هەڵکەوتەیەکی جوگرافی هەبێت کە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاکەی دوور بێت.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، شاری ئەرگانی لە پارێزگای ئامەد هەردوو تایبەتمەندییەکەی هەیە، هەربۆیە گونجاوە ببێتە پارێزگا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 126 هەزار و 823 کەسە و 31 کیلۆمەتر لە شاری ئامەدەوە دوورە.
 
حکومەتی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا ئەم بابەتە تاوتوێ دەکات و ئەگەر پێی وابوو پێویستە، دەیکاتە پڕۆژە یاسا و بۆ پەرلەمان بەرزی دەکاتەوە. ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان پەسندکرا، ئەو کاتە دەبێتە پارێزگا.
 
ساڵی 2016 پرۆژەیاسایەک بۆ بەپارێزگابوونی هەردوو شاری جزیرێ و گەڤەر کە سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانن، پێشکێشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرا، بەڵام پەسند نەکرا.
 
ئەو شارانەی بەربژێرن بۆ بوون بە پارێزگا:
 
- سیڤەرەک لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 250.100 کەسە 
- ئەرجیش لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 173.203 کەسە
- ئەلبیستان لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 42.783 کەسە  
- جزیرێ لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 33.908 کەسە 
- ئەرگانی لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 126.824 کەسە 
- کاهتا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 120.378 کەسە 
- گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 112.826 کەسە 
- میدیات لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 108.242 کەسە 
- تەرسوس لە پارێزگای مەرسینی تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 329.494 کەسە 
- ئینەگۆل لە پارێزگای بورسای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 255.032 کەسە 
- چۆرلو لە پارێزگای تەکیرداغی تورکیا؛– ژمارەی دانیشتووانەکەی 253.551 کەسە 
- ئیسکەندەرون لە پارێزگای هاتای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 246.639 کەسە 
- ماناڤگات لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 224.664 کەسە 
- کۆزان لە پارێزگای ئادانای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 129.985 کەسە  
- ئەرەیلی لە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 174.619 کەسە 
- ئاکهیسار لە پارێزگای مانیسای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 166.129 کەسە 
- نازیلی لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 153.879 کەسە 
- فەتحیە لە پارێزگای موغڵای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 151.474 کەسە 
- باندرما لە پارێزگای بالکئەسیری تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 149.469 کەسە 
- لولەبورگاز لە پارێزگای کرکلارئێلی تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 145.263 کەسە 
- ئەرەیلی لە پارێزگای کۆنیای تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 142.818 کەسە 
- ئونیە لە پارێزگای ئۆردوی تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 122.597 کەسە 
- پۆلاتلی لە پارێزگای ئەنقەرەی تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 122.424 کەسە 
- ئەردەمیت لە پارێزگای بالکئەسیری تورکیا؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی 121.437 کەسە