کوردستان
بانگەشەی هەڵبژاردن لە 25ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
حەوت کەسی یەکەمى پارتەکان سەرۆک لیست یان بەربژێرن بۆ هەڵبژادنى پەرلەمانى کوردستان، چواریان لە سلێمانى و سیانەکەى دیکە لە هەولێرن، دوانیان وەکو بەربژێرى سەربەخۆ بەشدارن.
لە بازنەى سلێمانی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، چوار سەرۆك و کەسی یەکەمى پارتەکان یان سەرۆکى لیستەکانیانن یان خۆیان بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
لاهور شێح جەنگى، سەرۆکى رەوتى بەرەى گەل، سەرۆکایەتیى لیستەکەى دەکات، کە 44 بەربژێرى بۆ هەڵبژاردن لە بازنەى سلێمانى هەیە.
باپیر کامەلا، سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و رهنجدهرانی کوردستان، سەرۆکى لیستى سەردەم دەکات، کە لە چەند پارتێک پێکهاتوون و 10 بەربژێریان لە بازنەى سلێمانى هەیە.
عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى رەوتى هەڵوێستى نیشتیمانى لە بازنەى سلێمانى سەرۆکایەتیى لیستى رەوتەکەى دەکات، کە 43 بەربژێرى لەو بازنەیە هەیە.
یەکێکى دیکە لە بەربژێرەکان ملکۆ سلێمان، ناسراو بە ملکۆ بازیانییە، سەرۆکى پارتى سەوزى کوردستانە و وەکو سەربەخۆ لە بازانەى سلێمانی خۆى بەربژێر کردووە.
ملکۆ بازیانی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "مۆڵەتى فەرمیمان لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى کۆنگرەمان نەکردووە، کۆمیسیۆن رێگەى نەدا بە لیست بەشدار بین لە هەڵبژاردن، کە 101 بەربژێرمان بۆ سەرجەم بازنەکان هەبوو، خۆیشم سەرۆکى لیستەکە دەبووم."
لە سنوورى بازنەى هەولێر، سێ سەرۆک و کەسی یەکەمى پارتەکان یان سەرۆکى لیستن یان بەربژێرن.
ئایدن مەعرووف، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بەرەى تورکمانی و بەرپرسی پەیوەندییە سیاسییەکانى ئەو بەرەیە، کە کەسی یەکەمی بەرەی تورکمانییە لە هەرێمى کوردستان، سەرۆکایەتى لیستەکەیان دەکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
ئەو لیستە 11 بەربژێرى لە سنوورى بازنەى هەولێر هەیە، ئایدن مەعرووف بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "40%ى بەربژێرەکان ئەندامى بەرەى تورکمانین و ئەوانەى دیکە کەسایەتى تورکمانى هەولێرن."
یەکێک لە بەربژێرانى دیکەى سنوورى هەولێر، محەممەد ئیلخانی، سهرۆكى پارتى گهشهپێدانى توركمانە، کە وەک بەربژێرى کۆتای تورکمان لە بازنەى هەولێر خۆى بەربژێر کردووە.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێرى حیزبى زەحمەتکێشانى کوردستان لە بازنەى هەولێر بەربژێرى لیستى هاوپەیمانى هەرێمى کوردستانە، کە 19 بەربژێریان بۆ بازنەى هەولێر هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ