تورکیا و پەکەکە نوێترین ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 21 گەریلای پەکەکە و هەپەگەش کوژرانی سەربازێکی تورکیای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 21 گەریلای پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای تورکیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لەودیو سنوور بەردەوامە، ئەوەش "لەپێناو ئاسایشی سنوورەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایشی".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکات، ئەو گەریلایانە لە چیاکانی گارە و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی 26ـی مانگ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردووی پێش ئەو رێککەوتەدا هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ و بەو هۆیەوە سەربازێک کوژراوە. 
 
هەپەگە ئاماژەی بەوەشکرد، دوو درۆنی هێزەکانی تورکیایان لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان خستووەتە خوارەوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە.