سەرۆک بارزانی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە: بە بیستنی ئەو هەواڵە کارەساتبارە زۆر خەمبار بووم


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی لەبارەی "کارەساتە"کەی حەمدانیە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم."
 
شەوی رابردوو لەنێو ئاهەنگگێڕان و شادیدا لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، لەپڕ "پریشکی یاریی ئاگرین" هەموو شتێکی تێکدا و شایی بوو بە شین. تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی گیانلدەستدان و برینداربوون لە رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەدان کەس بوونەتە قوربانی.

 

سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی رووداوەکە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە بیستنی هەواڵی رووداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوە لە قەزای حەمدانیە زۆر خەمبار بوو، کە تێیدا سەدان هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوونە. سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە خەمناکە دەخوازم."
 
بەرگریی شارستانیی موسڵ دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە یاریی ئاگرین بووە. خاوەنی هۆڵەکەیش دەڵێت، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، لەکاتی یاریی ئاگریندا، سەقفی هۆڵەکە گڕ دەگرێت و ئاگر دەکەوێتەوە.
 
شایەتحاڵان دەڵێن، لەکاتی سەمای بووک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدراوە و بەشێک لە یارییە ئاگرینەکان بەر بنمیچی هۆڵەکە کەوتوون کە لە سەندویچ پەنەڵ دروستکراوە، بەهۆی ئەوەی مادەیەکە زوو گڕدەگرێت، لە چەند خولەکێکدا هۆڵەکە هاوشێوەی دۆزەخێکی بچووکی لێهات بۆ میوانەکانی.