زیاتر لە 150 کەس لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە حەویجە ژەهراوی دەبن

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 150 کەس لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە قەزای حەویجە سەر بە پارێزگای کەرکووک بەشداربوون، بەهۆی خواردنی تێکچووەوە تەواوی ئامادەبوانی ئاهەنگەکە ژەهراویی بوون. پۆلیسی قەزاکەش دەڵێت، "ماڵی زاوا خواردنەکەیان هێناوە."

شەوی چوارشەممە، 27-9-2023، عەمید فەتاح مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە قەزای حەویجە کە زیاتر لە 150 کەس بەشدارییان تێیدا کردبوو، ماڵی زاوا خواردن بۆ سەرجەم ئامادەبوان ئامادە دەکەن، بەڵام لە دوای دابەشکردنی خواردنەکە بەسەر ئامادەبووەکاندا، سەرجەمیان ژەهراوی دەبن، باری تەندروستییان تێکدەچێت و بەخێرایی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن."

زیاد خەڵەف، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "بەهۆی خواردنەوە ئەو کەسانە ژەهراوی بوون و لە نەخۆشخانەی گشتیی حەویجە لەژێر چاودێریی تەندروستیدان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە."


بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "لێرە لە نەخۆشخانەی حەویجە هەموو ئامادەکارییەکان کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، پێشبینیی دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوو هەموویان رەوانەی ماڵەوە بکرێنەوە."