خێر و بەخشینی خەڵکی هەولێر بەبۆنەی مەولوود چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت

28-09-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
یادی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) لە هەولێر
یادی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) لە هەولێر
نیشانەکردن مەولوود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یادی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) لە شاری هەولێر کرایەوە. دەوروبەری قەڵای هەولێر لە یادی مەولووددا جیاوازە، لە هەموو لایێکییەوە سرووتی ئایینی لێدەدرێت و خەڵک نەک تەنیا لە رۆژی مەلوود، بەڵکو چەند رۆژێک پێش و چەند رۆژێک دواتریش، بەو بۆنەیەوە خێر دەکەن.
 
ئیسلام ئاکۆیی، کاسبکارێکە لە هەولێر، لەبارەی یادی مەولوود لە هەولێر دەڵێ "هەولێر بەم کلتوورەوە جوانە و بەناوبانگە؛ بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرمان. کە باسی هەولێر دەکەی، (واتا) یادی ئیسلام و کاسبی و میواندۆستی."
 
حەسەن محەممەد، خانەنشینە و لەبارەی یادکردنەوەی مەولوود لە هەولێر باس لەوە دەکات "هەموو ساڵ لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت بەشداربووم و، پێشتر بەو جۆرە نەبوو، لە مزگەوتەکان یادی دەکرایەوە، بەڵام ئێستا خۆشترە."
 
محەممەد دەروێش، کاسبکارێکی دیکە لە هەولێر، گوتی "لە خۆشیی لەدایکبوونی کەسێک هاتووم کە پێغەمبەر و نووری دڵمانە و، خاوەن قورئانێکە کە دەستوورمانە."
 
فەقێکان، بە دەفلێدان و گوتنەوەی سرووتی ئایینی قەرەباڵخی زۆریان لە دەوروبەری خۆیان کۆکردەوە لە رۆژی مەولووددا، یادێک کە نزیکەی نۆ سەدەیە و لە سەردەمی سوڵتان موزەفەری کۆکەبەرییەوە لە هەولێر دەکرێتەوە.
 
مەلا حوسێن چیوەیی، مامۆستایێکی ئایینییە لە یادی مەولووددا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "کورد لە رووی مێژووییەوە شانازی بە یادی مەولوود دەکات، چونکە سوڵتانی ئێمە داهێنەر و پەرەپێدەری بووە؛ جا خەڵکانێک پێیان وایە یادکردنەوەکە نادروستە، کەیفی خۆیانە و گرنگ ئەوەیە ئێمە کارێک ناکەین ناخێر بێت و هەموومان خێر و خێراتە کۆمان دەکاتەوە.''
 
لە بازاڕی پایتەخت لە رۆژی مەولوود کە ئەمساڵ بەرامبەر رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023ـی زایینی بوو، جگە لە ژمارەیەک دووکاندار و فرۆشیار، زۆر بوون ئەو کەس و گرووپانەی ملیان دایە خێر و بە هەردوو دەستیان بەخشییان.
 
جەرجیس حەمە، خێرخوازێکە لە هەولێر، گوتی "کولتوورێکی باب و باپیرانمانە کە لەم رۆژانەدا ئەوەی لەدەستمان بێت، بیبەخشین و بەخشندەبین. ئێمە، ئەمڕۆ چوار، پێنج کەس کۆبووینەتەوە و تاوەکو ئێوارەش لە بەخشین بەردەوام دەبین."
 
هەڵمەتی بەخشین و چاکەکارییەکانی خەڵکی هەولێر بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام تەنها لە رۆژی مەولوود نییە، بەڵکو خێر و خێراتەکانیان چەند رۆژێک پێش و چەند رۆژێکیش دوای مەولوود بەردەوام دەبێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە