قەیس خەزعەلی: قبوڵی ناکەین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە گوتارێکدا گوتی، نابێت هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوە بژی و عێراقییەکان قبوڵی ناکەن، ئەگەر یەک فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان مانگێک مووچەکەی دوابکەوێت، نەک سێ مانگ.
رۆژی چوارشەممە، 27-9-2023، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە رۆژی دەستپێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گوتارێکدا باسی ژمارەیەک پرسی کرد و رێککەوتنێکی نوێی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بە هەرێمی کوردستانەوە بە گرنگ ناوبرد.
خەزعەلی لە سەرەتای قسەکانیدا باسی کۆنگرەی یەکێتی کرد و گوتی: "ئەم کۆنگرەیە لە دۆخێکی تایبەت دەکرێت کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهانیش پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە دەروازی وەرچەرخانێکین لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی دیکە لە عێراق و ناوچە و جیهانیش، بۆیە ئومێدی سەرکەوتن بۆ ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەو شێوەیەی دەبێتە هۆی گونجان و تەبابوون لەگەڵ ئەو قۆناخە نوێیە."
خەزعەلی یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەوبارەیەوە گوتی، ئەمە یەکەم سەردان و یەکەم ئامادەبوونیەتی لە "خاکی هەرێمی کوردستانی ئازیز، خاکی باکووری خۆشەویست."
خەزعەلی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند "خێری عێراق بەشی هەموو عێراقییەکان دەکات و نە قبوڵکراو و نە گونجاوە یەک هاووڵاتیی عێراقیش هەبێت لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بژیت، ئەگەر یەک هاووڵاتی عێراقیش هەبێت لەژێر هێڵی هەژارییەوە بژیت، ئەوە تاوانی ئەو هاووڵاتییە نییە، بەڵکو بەرپرسیارییەتی ئێمەیە، کە ئێمە بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ دەگرین، یەکەمجار بەرامبەر بە خودا و لەبەردەم گەلەکەمان، دواتر بەوەی هەڵبستین بە ئەرکمان بۆ ئەوەی خێر لەنێو عێراقییەکان بڵاوببێتەوە، خێری عێراق بەشی هەموو عێراقییەکان دەکات و زیادیشە، بەشی ئەو کەسانەش دەکات کە لە وڵاتانی دیکە پێویستییان پێیەتی، بەڵام ئەگەر بەشێوەی دروست هەڵسوکەوت بکەین."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە گوتارەکەیدا باسی دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە کورد کرد و گوتی "دوێنێ شەو لەگەڵ ژمارەیەک لە برایانی کورد کۆبوومەوە و بۆچوونی خۆم پێگوتن و بۆ ئێوەشی دووبارە دەکەمەوە، بۆچوونم ئەوەیە، گەلی کورد حەزی لە ژیان و ئاشتییە، دەستدرێژی ناکاتە سەر ئەوانی دیکە، بەڵام بەهێزەوە بەرگری لەخۆی دەکات، ئەم جۆرە گەلە، سامانە، پێویستە پارێزگاریی لێبکرێت، یەکەم کەسیش کە پێویستە بەو ئەرکە هەڵبسێت، برایانمان، سەرکردە خۆشەویستەکانن لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بە هەموو راستگۆیی و خۆشەویستییەوە دەستمان درێژدەکەین بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ کە سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و خێری تێدابێت بۆ سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەمان لە زاخۆوە بۆ فاو."
خەزعەلی باسی دوایین دیداری خۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرد و گوتی "کاتێک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسرور بارزانی هاتە لام پێی گوتم کە ئەوە یەکەم دیدارییەتی لەگەڵمدا، گوتی 'زۆر شتم لەبارەی تۆوە بیستووە'، منیش پێم گوت 'باشەت گوێ لێبووە یان خراپە؟'، گوتی 'گوێم لەوە بووە راستگۆ و راشکاوی'، گوتم 'ئەوە بڕوانامەیەکە شانازیی پێوە دەکەم'، بۆیە بە راشکاویی و بەراستگۆییەوە قسەکانم ئاڕاستە دەکەم، سەرکەوتن لە ئەزموونی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق کە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان پشتی پێدەبەستن، پێویستی بە باوەڕبوونە بە دەستوور کە گرنگترین شت تێیدا یەکێتیی خاکی عێراقە."
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خەزعەلی جەختیکردەوە، "بەڕاشکاوییەوە دەیڵێم؛ هەر عێراقییەک لە هەموو خاکی عێراق، لە ناوەڕاستی، لە باشووری، لە رۆژئاوای قبوڵی ناکات و ئازار دەچێژێت ئەگەر یەک فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان مانگێک مووچەکەی دواکەوتبێت و وەرینەگرتبێت، نەوەک سێ مانگ، هەموو عێراقییەکان خاوەن غیرەت و بەخشین و پیاوەتین، ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن، پێویستە وەکو سەرکردەی سیاسیی لەسەرمان، دان بەوەدا بنێین ئێمە بەرپرسین لەوە بەهۆی ناکۆکییەکانمانەوە، پێویستە بەرپرسیارییەتی بگرینە ئەستۆ لە رێککەوتنێکی نوێ کە دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلەکەمان دابین بکات."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق باسی سەردانەکەی بۆ سلێمانی کردەوە و گوتی، ئومێد دەکات یەکەم سەردانی بۆ سلێمانی و هەرێمی کوردستان سەرەتایەکی باش بێت.
ئەمڕۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، لە کۆنگرەدا چەندین میوانی حکومی و حیزبی باڵا بانگهێشت کراون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی یەکێتیدا گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبە، سیستمی هاوسەرۆکی چەسپێنرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە.