بەرپرسێکی کریستیان: بریندارەکانی حەمدانیە لە موسڵ بمێننەوە زۆربەیان گیان لەدەستدەدەن

27-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندازیارێکی تەلارسازی دەڵێت، ئەو هۆڵەی حەمدانییە دوور لە چاودێری و رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی دروستکراوە بۆیە زوو گڕیگرتووە، هەروەها ئەو مادانەی لە دروستکردنیدا بەکارهێندراون، کوالێتییان خراپ بووە، ئەوەش ژمارەی قوربانییانی زیاتر کردووە. بەرپرسێکی کریستیانیش لە کەنیسەی کلدانیی دهۆک دەڵێت، ئەگەر بریندارەکان لە موسڵ بمێننەوە، بەهۆی خراپیی نەخۆشخانەکان زۆربەیان گیان لەدەستدەدەن. 
 
هەیسم پەتروس، راوێژکاری کەنیسەی ئەپرشیەی کلدانی لە دهۆک لەکاتی بەشداریکردن لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک کە ناسر عەلی پێشکێشی دەکات، لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە رایگەیاند، خاوەنی ئەو هۆڵە کەسێکی کریستیانە و ئێستا هەڵاتووە، "بەڵام لەم نزیکانە خۆی بەدەستەوە دەدات." گوتیشی، ئەو چوار کەسەی لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون، کرێکارن.
 
لەدوای گوتەکانی هەیسم پەتروس، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە رۆژی چوارشەممە، 27-9-2023، کاژێر 05:50 لە راگیێندراوێکدا دەستگیرکردنی خاوەنی هۆڵی هەیسەمیان لە هەولێر راگەیاند، رادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کرا.
 
هەیسم پەتروس ئاماژە بەوە دەکات، خۆی سەردانی نەخۆشخانەکانی موسڵی کردووە و رەوشی بریندارەکانی لە نزیکەوە بینیوە. دەڵێت، "رەوشیان زۆر خراپە، نەخۆشخانەکان پاک نین، لەکاتێکدا بریندارانی رووداوەکانی سووتان دەبێت لە نەخۆشخانەی زۆر پاکدا بن، بۆیە ئەگەر بریندارەکان لەو نەخۆشخانانە بمێننەوە، زۆربەیان گیان لەدەستدەدەن."
 
ئەو بەرپرسە لە رێگەی رووداوەوە داوا لە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات لەو رووەوە هاوکار بن و هەوڵ بۆ گواستنەوەی سەرجەم بریندارەکان بدەن.
 
هەرێمی کوردستان لە چرکەساتی یەکەمی رووداوەکەوە دەرگەی نەخۆشخانەکانی بۆ پێشوازی لە برینداران واڵاکرد و تیمی تەندروستی و فریاگوزاری بۆ شوێنی رووداوەکە نارد، لە رێگەی ئەمبوڵانسەکانی تەندروستیشەوە ژمارەیەک برینداریان بۆ هەولێر و دهۆک گواستەوە. 
 
حەمدانیە یەکێک لە گرنگترین قەزاکانی عێراقە بۆ کریستیانەکان، نزیکەی 300 هەزار کەس لەو قەزایە دەژین کە زۆربەیان کریستیانن. لەدوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014 زۆربەی کریستیانەکانی حەمدانیە ئاوارەی شارەکانی هەولێر و دهۆک بوون. قوربانییەکانی رووداوەکەش بەشێکیان ماڵیان لە هەولێر و دهۆکە و بە سەردان چوبوونە حەمدانیە بۆ ئاهەنگەکە. 
 
ئەو بەرپرسەی کریستیانەکان دەڵێت، سەرەتا زاوا بەنیاز بووە شاییەکە لە دهۆک بکات، بەڵام کەسوکاری رەتیانکردووەتەوە و گوتبوویان بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بەشداربن، پێویستە هەر لە حەمدانیە ئاهەنگەکە بکات. 
 
هەر لە بەرنامەکەدا، سەردار عادل، ئەندازیاری تەلارسازی لە دهۆک کە سەرپەرشتیی دروستکردنی چەندین هۆڵی لەو شێوەیەی لە شارە جیاوازەکانی عێراق بەتایبەتی دهۆک و موسڵ کردووە، رایگەیاند، "هۆڵی لەو جۆرە لە دهۆکیش زۆر دروستکراون، هۆڵەکان لەژێر چاودێریی رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانیدا دروست دەکرێن، بەڵام لە موسڵ خاوەنی هۆڵەکان گوێ بە زۆربەی رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی نادەن."
 
بەهۆی ئاگرکەوتنەکەوە بەپێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکە برینداربوون، لەبارەی هۆڵی هەیسەمیش کە شوێنی رووداوەکە بوو، ئەو ئەندازیارە گوتی، بەرزیی هۆڵەکە لە ئاستی پێویستدا نەبووە، بۆیە ئاگرەکەی زوو پێگەیشتووە، جگە لەوەش نابێت هۆڵێک دروستبکرێت کە جێگەی 1000 کەسی تێدا ببێتەوە، بەڵام تەنیا سێ دەرگەی هەبێت. 
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە تایبەت دەست رووداو کەوتووە، دەردەکەوێت لەکاتی هەڵکردنی یاریی ئاگرین لەکاتی سەمای بووک و زاوا کە وەکو رازاندنەوەی هۆڵەکە بەکاردەهێندرێت، ئاگر دەگاتە بنمیچی هۆڵەکە و لە چاوتروکانێکدا ئاگر بە بنمیچی هۆڵەکەدا بڵاودەبێتەوە. 
 
لەبارەی ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنی هۆڵەکە و بنمیچەکەیدا بەکارهێندراون، ئەندازیار سەردار عادل دەڵێت، خۆی زۆر مادە هەن بە ئاسانی گڕ ناگرن، بەڵام ئەوەی لەوێ بەکارهاتووە، کوالێتیی خراپە و زۆر بەئاسانی گڕدەگرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە