نێچیرڤان بارزانی: هەرچی بۆ قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە پێویست بێت، دەیکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرچی بۆ قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە پێویست بێت دەیکەن. دەشڵێت ''داوامان لە سوودانی کردووە قەرەبووی قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بکرێتەوە.''
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27-09-2023) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە هەولێر، سەردانی قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد و لە نزیکەوە قسەی لەگەڵدا کردن.
 
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوەی پێویستە، لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانیانی رووداوەکە دەیکەن و گوتی، هەر لە کاژێری یەکەمەوە کە کارەساتەکە روویدا، ئەمبیوڵانسەکان لە هەولێرەوە بۆ گواستنەوەی قوربانیان گەیشتوونەتە حەمدانیە.
 
شەوی رابردوو، هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا ئاگری گرت. د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی گوت، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 100 کەسی تێپەڕاندووە و سەدان کەسی دیکەش بریندارن. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە کرد و رایگەیاند ''ئێمە داوامان کرد کە دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەم مەسەلەیە بکرێت و دەبێ قوربانییانی رووداوەکە قەرەبوو بکرێنەوە.''
 
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد، کە بەهانای قوربانییانەوە چوون و ئەوەی پێویست بووە کردوویانە.
 
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کادیرانی نەخۆشخانەکە توانای چارەسەری سەرجەم ئەو قوربانییانەیان هەیە، کە گواستراونەتەوە بۆ هەولێر و پێویست بە چوونە دەرەوە ناکات.
 

 

 
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو خەڵکە بکەین، بەڕاستی کارەساتێکی گەورە بوو، کارەساتێکی مرۆیی گەورە بوو. دەمەوێت لێرە یەکەم شت دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی پارێزگار بکەم، کە ئەمڕۆ لێرە پارێزگاری هەولێر کە هەر لە کاژێری یەکەمی کارەساتەکەوە ئەوان ئەمبوڵانسیان ناردووە. دەمەوێت پڕ بە دڵ ئەمڕۆ دەستخۆشی و سوپاسی کارمەندانی تەندروستی بکەم، ئەوەی من لێرە بە چاوی خۆم بینیم، ئەو چاودێرییەی بۆ نەخۆشەکانی دەکەن بە راستی جێگەی شانازییە، جێگەی شانازییە بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.
 
ئەمە کارەساتێکی گەورەی مرۆییە، ئێمە دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەو خوشک و برایانە بوەستین، بۆ ئەوەی خوای گەورە سەبوورییان بداتەوە.
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش قسەمان کردووە، جەنابیان زۆر زۆر (موهتەم)ـە بە رووداوەکە و دەستبەجێ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی ناردووە بۆ موسڵ و دێن بۆ ئێرە. ئێمە داوامان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەم مەسەلەیەدا بکرێت و دەبێت ئەو قوربانیانەی کە هەن، قەرەبوو بکرێنەوە.
 
بە سوپاسەوە سەرۆکوەزیران لە بەغدا زۆر (موهتەم)ـە بەو بابەتە و بەڵێنی داوە لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی بکات و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی لە نەهامەتی ئەو خەڵکە کەم ببێتەوە.
 
ئینشائەڵڵا خوای گەورە سەبووریی هەموو لایەک بدات، بە راستی کارەساتێکی زۆر گەورەیە و هەموومان نزا دەکەین کە ئینشائەڵڵا نەخۆشەکان بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.
 
ئەوەی من لە کادیرانی ئەم نەخۆشخانەیەم بینی، دەڵێن 'ئێمە دەتوانین هەموویان لێرە چارەسەر بکەین'. دیسان دەڵێم من سوپاسێکی گەرمیان دەکەم، دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ ئەو کارە مرۆییەی کە ئەمڕۆ من لێرە بینیم و ئەم ستافە ئەنجامیان دا. دیسان سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگاری هەولێریش دەکەم کە بە زۆر بەپەرۆشەوە هاتوون و من لێرەوە دەمەوێت بڵێم هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ ئەوانە ئێمە لە خزمەتیان داین و بۆیانی دەکەین، ئەوانە ئازیزانی ئێمەن و موعانات و کارەساتێک کە بەسەر ئەوان هاتووە، ئێمە وا حیسابی دەکەین کە هی خۆمانە و هی هەرێمی کوردستانە و خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەموومان بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانداین و لەم ئازارەی کە ئەمڕۆ ئەوان تووشبوون، هەموومان لەگەڵیاندا دەمێنینەوە، خودا ئینشائەڵڵا سەبوورییان بداتەوە.