رێواز فایەق: دەبێت سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لە ئاست ئەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا بێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، کۆنگرە بە دەنگدان بڕیار لەسەر هەیکەلی نوێی یەکێتی دەدات و دەشڵێت، "دەبێت سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لە ئاست ئەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا بێت".
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، رێواز فایەق، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەستنی کۆنگرە لە کاتی خۆیدا بۆ یەکێتییەکان دەستکەوتە، چونکە لەو هەلومەرجە هەستیارەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا توانیویەتی لەکاتی خۆیدا کۆنگرە ببەستێت".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بە بەشداریکردنی 600 ئەندام دەستیپێکرد.
رێواز فایەق دەڵێت، "کۆنگرە بە دەنگدان بڕیار لە هەیکەلی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات. دەبێت یەکێتی لەگەڵ هەلومەرجی نوێ خۆی بگونجێنێت و سەرکردایەتییەک هەڵبژێرێت لە ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە بێت".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، "ئێستا قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک مەترسیدایە. حیزبی سیاسی لە کوردستانیش لەبەردەم لەدەستدان و کەمبوونەوەی متمانەدان. بۆیە ئەرکی ئێمەیە بەرنامەی کاری سیاسیمان وا دابڕێژین لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نوێیە و ئاشتکردنەوەی خەڵک و حیزب و سیستمی سیاسی بگونجێت".